پێرلۆ یوڤانتۆسی ڕاستەقینەی دۆزییەوە

ئەندریا پێرلۆ توانیویەتی شیوازێکی یاریکردنی کارا بۆ یوڤانتۆس بدۆزێتەوە

دوای بردنەوەی یانەی یوڤانتۆس لە یانەی کالیەری، ڕۆژنامەکانی ئیتاڵیا ئاماژەیان بەو گۆڕانکارییانە کردووە کە بەسەر ئاست و شێوازی یاریکردنی ئەندریا پێرلۆ هاتووە.

ڕۆژنامەی کۆرێری دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی لە مانشێتی سەرەکیدا نوسیویەتی “پێرلۆ یوڤانتۆسی دۆزییەوە”، لە درێژەی بابەتەکەدا ئاماژە بە چەند گۆڕانکاری و خاڵێکی تاکتیکی کراوە، بەهۆیەوە ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە توانیویەتی بەرانبەر کالیەری باشترین ئاست پێشکەشبکات.

بەپێی سەرچاوەکە، یوڤی گەیشتووەتە ترۆپکی تواناکانی و پێرلۆ شێوازی یاریکردنی گونجاوی دۆزیوەتەوە، تەواوی ئەم گۆڕانکارییانەش لە چەند ئاڵوگۆڕێکدا دەرکەوتووە.

کریستیانۆ بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ ڕێژەی گۆڵەکانی لە پێنج ڕوبەڕوبوونەوە گەیاندووەتە هەشت گۆڵ، لە کاتێکدا بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دوو یاری ئەنجامنەداوە، شەوی ڕابردوو بەهۆی کارابوونی مۆراتاوە دەرفەتی بۆ ڕەخساوە و ئەگەر بەم ئاستە بەردەوامبێت ڕیکۆردەکان دەشکێنێت.

لەلایەکی دیکەوە، بوفۆن بۆ یەکەمجار لە پێکهاتەی سەرەکی یاری پێکراوە و گۆڵەکەی بە خاوێنی هێشتووەتەوە، هەروەها گەڕانەوەی ماتیاس دی لێخت کاریگەری ئەرێنی هەبووە و هاندەرانی وا لێکردووە هەست بە نەبوونی بونۆچی و کیلینی نەکەن، لەلایەکی دیکەوە کوادرادۆ لە پێگەی باڵی چەپی بەرگرییەوە تواناکانی دووپاتکردووەتەوە.

لە هێڵی ناوەند ئارسەر و ڕابیۆ بوونەتە دوانەی دابەشکاری تۆپ و خۆگونجاندنێکی ناوازە لەنێوانیاندا پێکهاتووە، تەنانەت ئارسەر لە کۆی 100 گواستنەوە بە ڕێژەی لەسەدا 94 سەرکەوتوبووە، هەروەها کولوسێڤیسکی لە جەمسەری ڕاست و بێرناردێسکی لە باڵی چەپ توانیویانە هاوسەنگی لە نێوان هێڵی هێرشبەر و ناوەند بخوڵقێنن، هەموو ئەم گۆڕانکارییانەش بە پلانی 4-4-2 جێبەجێکراوە.

یوڤانتۆس پلەی دووەمی ڕیزبەندی یانەکانی کالچیۆی گرتووە، لە داهاتوودا و پاش 10 گەڕی خولەکە چەند یارییەکی ئاسانتر ئەنجامدەدات و چاوەڕواندەکرێت پێرلۆ سەرکەوتووبێت لە چەسپاندنی شێوازە نوێیەکەی.

بابەتی پێشتر

مۆدێرنا بەهای ڤاكسینەكەی ئاشكراكرد

بابەتی دواتر

کرێکارێک لەکاتی کارکردندا بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا دەمامکی بەستووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەركی هازارد قورسە

پێنج مانگ لەبەردەم هازارد ماوە بۆ ئەوەی ئیدارەی ڕیاڵ مەدرید ناچار بكات ‏دەستبەرداری نەبن.‏ هازارد لە یارییەكەی ڕیاڵ…
Total
0
Share