ئەندامێكی نوێنەرایەتیی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پارتی لە داخستنی دەروازەی پیشخاپوور دەیەوێت بۆچوونی خۆی بسەپێنێت و ئێمەش ڕەتیدەكەینەوە و دەڵێت، “توركیا دان بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نانێت و ئەجێندای توركیا جێبەجێدەكات”.
فەتحوڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتیی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، “پارتی دەروازەی پیشخاپووری داخستووە ڕێگانادات شاندی سیاسی و دبلۆماسی لە دەروازەكەوە هاتوچۆ بكەن تەنها ئەو كەسانەی كە حاڵەتی نەخۆشییان هەیە ڕێگەیان پێدەدرێت و پارتی دەیەوێت بۆچوونی خۆی بسەپێنێت ئێمەش ئەو هەڵویستەی ڕەتدەكەینەوە”.
ئاشكرایكرد، بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر دامەزراوە توركیا دانیپێنانێت و پارتی هەموو كات دژایەتیی كورد دەكات كە بەشێكە لە ئەجێندای توركیا.
ئەندامەكەی نوێنەرایەتیی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە سلێمانی پێیوایە، ” بەهۆی ئەوەی توركیا داننانێت بە نوێنەرایەتیی كانتۆكانی ڕۆژئاوای كوردستان و پارتیش هەمان هەڵویستی توركیای هەیە”.