هەوڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە كازمی شكستیهێنا

دادگای فیدراڵی جەختدەكاتەوە كە حكومەتی ئێستای عێراق حكومەتێكی كاربەڕێكەرە و دەسەڵاتی دەركردنی بڕیاری گەورەی نییە، ئەوەش بە هەمان ئەو واتایە دێت كە متمانەی لێوەرگیرابێتەوە و هەوڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە كابینەكە شكستیهێنا.

لە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵیی عێراقدا كە پڕۆژه‌یاسای ئاسایشی خۆراكی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، دادگاكە باس لەوە دەكات كە حكومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی حكومەتێكی كاربەڕێكەرە و دەسەڵاتەكانی سنووردارن، بۆیە متمانەی لێوەرناگیرێتەوە.

ماوەیەكە هەوڵێكی سیاسی لە عێراق هەیە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە كابینەكەی كازمی بۆ ئەوەی بەشێك لە لایەنەكان حكومەت پێكبهێنن، ناوەڕۆكی بڕیارێكی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی كە هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە ئاسایشی خۆراكە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە، جەختدەكاتەوە كە حكومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتی داڕشتنی پڕۆژەیاسا و گرێبەستی قەرزوەرگرتن و دامەزراندنی بەرپرسی باڵای نییە.

وەك دادگای فیدراڵی دووپاتیدەكاتەوە، لە دوو دۆخدا حكومەت دەبێت بە كاربەڕێكەر، یان وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران، یاخود هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەو پێیەش كە حكومەتی ئێستا ماوەی دەسەڵاتەكانی تەواوبووە و بووەتە حكومەتێكی كاربەڕێكەر، بۆیە دەسەڵاتەكانی سنووردارن و هاوشێوەی حكومەتێكە كە متمانە لە سەرۆك وەزیرانەكەی وەرگیرابێتەوە.

هاوكاتی ئەم بڕیارە، كاروان یاروەیس ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، “بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سنووری دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر، جگە لەوەی وەستاندنی سەرپێچییە دەستورییەکان بوو، لە هەمان کاتدا پەیامێک بوو بۆ هێزە سیاسییەکانی عێراق، کە چەقبەستنی سیاسی بە زوویی چارەسەربکەن و حکومەتی نوێ پێکبهێنن”.

ئەو پەرلەمانتارە لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “دادگای فیدراڵی سنووری دەسەڵاتەکانی کابینەی کاربەڕێکەری دیاریکردووە، كە ڕاپەراندنی کاروباری ڕۆژانەیە و ناتوانێت پڕۆژەیاسا بۆ پەرلەمان ڕەوانەبکات و ڕێککەوتنامە و گرێبەستی گرنگ ئیمزابکات، بەم پێیەش دەبێت پەلەبکرێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێ، چونکە بۆچوونێك هەبوو ئەم دۆخە وابڕوات و ئەم کابینەیە بەردەوامبێت تا ئەو کاتەی بە شێنەیی کابینەی تازە پێکدەهێنرێت، هەوڵیش هەبوو لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم کابینەیەدا هەندێک لە وەزیرەکان بانگبكرێن بۆ پەرلەمان و متمانەیان لێوەربگیرێتەوە و کەسانی تر لە شوێنەكانیان دابنرێن، کە ئەمەش بەشێکی بۆ پاكتاوی سیاسی بوو”.

كاروان یاروەیس دەڵێت، “ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی هێزی مەعنەوی و دەستووری دەداتە دادگاکە بڕیارەکانی تری جێبەجێبکرێن و سنوورێکیشی بۆ (دەستوورشکێنەکان) دانا. قۆناغی دوای ئەم بڕیارە، قۆناغی چڕبوونەوەی هەوڵەکان و جووڵە سیاسییەکانە بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستنی سیاسی”.

بابەتی پێشتر

فەتحوڵا حوسێنی: پارتی ئەجێندای توركیا جێبەجێدەكات و دەروازەی پیشخاپووری داخستووە

بابەتی دواتر

ئەنچیلۆتی بۆ هازارد: وەرزی داهاتوو یاریگا یاریگای خۆتە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share