فەرماندەی گشتیی هەسەدە پێشوازی له بڕیارێكی ئەمریكا بۆ ههڵگرتنی سزا لهسهر ناوچهكانی رۆژئاوای كوردستان دهكات.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە تویتێکدا دەڵێت، پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەکەن و بەرزدەینرخێنن بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
دەشڵێت، “ئەوە هەنگاوێکە بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی داعش و ئومێد بە هەموو سورییەکان دەبەخشێت”.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە ساڵی 2019دا بەئامانجی سزادانی ئەو لایەنانەی مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سوریا دەکەن، یاسای قەیسەری دەرکرد.
یاساکە بەناوی کەسێکەوە ناونراوە، کە لە سوریا گرنگیی بە مافی مرۆڤ داوە و نەیاری ڕژێمی بەشار ئەسەد بووە، ئەمریکا دەیوت، لەڕێگای ئەو یاسایەوە دەستی سوریا لەو سەرچاوە ئابوورییانە دەبڕێت، کە بەهۆیەوە دەتوانێت بەردەوامیی بە شەڕ و ململانێ سەربازییەکانی بدات.
بەپێی بڕیارە نوێیەكە ئەمریکا باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سزاکانی قەیسەر بەدەردەکات.
مەزڵوم عەبدی، لە تویتەكەیدا دەشڵێت، “پێشوازیی لە هەموو کۆمپانیایەک دەکەین، کە بیانەوێت لێرە وەبەرهێنان بکەن”.
لای خۆیەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان توڕەیی خۆی لەبارەی بڕیارەكەی واشنتن دەربڕی و بە هەڵە ناویبرد و لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی، “ئەستەمە ئەم هەڵەیەی ئەمریکا قبوڵبکەین”.