ئامارێكی “مەترسیدار”ی خۆكوژی لە عێراق بڵاوكرایەوە و لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە دوو كەس خۆیانكوشتووە.
پۆلیسی كۆمەڵگەیی عێراق ئاشكرایكرد، ڕۆژانە دوو حاڵەتی خۆكوشتن تۆماردەكرێن و ماوەی چوار مانگە ئەو دیاردەیە تەشەنەیسەندووە و زیاتر لە 200 ڕووداوی خۆكوشتن لەو ماوەیەدا هەبوون.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئامارەكەدا، پۆلیسی كۆمەڵگەیی عێراق ئەو توێژە تەمەنییەی ئاشكراكردووە كە زۆرترین حاڵەتەكانی خۆكوشتنی بەخۆیەوە بینیوە و دەڵێت، “ئەوانەی خۆكوژی دەكەن لە تەمەنی جیاوازدان، بەڵام زۆرینەیان تازەلاوان (هەرزەكاران)ن”.
لەبارەی هۆكار و پاڵنەرەكانی خۆكوژییەوە ئەو دامەزراوەیەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە، خراپیی باری ئابوری، بێكاری، ئالوودەبوونی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، خراپبەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و توندوتیژیی خێزانی دیارترین هۆكارەكانی پشت بڵاوبوونەوەی دیاردەكەن.
بەشێك لەو كچ و ژنانەی هەواڵی خۆكوشتنیان بڵاوكراوەتەوە، دوای توێكاریی تەرمەكانیان دەركەوتووە بە پاساوی “شەرەف” كوژراون و خۆكوژییان نەكردووە، وەك پۆلیسی كۆمەڵگەیی عێراق ئاشكرایكردووە.