عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، عێراق بەهێز دەستبەسەر كێڵگە نەوتییەكاندا ناگرێت و دەڵێت،”حكومەتی هەرێم ناتوانێت ڕاستەوخۆ نەوت بفرۆشێت و لە ئایندەش بۆ غازی سروشتی”.
ئاشكرایكرد، دوای پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكان حكومەتی عێراق پارەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و كرێی بۆری نەوت دەدات و مانگانە بەغداد 900 بۆ یەك ملیار دۆلار دەنێرێت كە 600 ملیۆنی دۆلاری بۆ مووچەیە و حكومەتی هەرێم بە نزیكەی 30 ملیۆن دۆلاری دیكەی لەبەردەستە بۆ خزمەتگوزاریی و لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆ.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ” بەو هەنگاوانە هەرێمی كوردستان دەبێت بەبەشێك لە سیاسەتی سووتەمەنیی عێراق و بەنزین بە 450 دینار دەدرێتە شۆفێران و نەوتیش بە سەر ماڵانیش دابەشدەكرێت”.
عەلی حەمە ساڵح پێیوایە، بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی حكومەتی هەرێم ناتوانێت ڕاستەوخۆ نەوت بفرۆشێت و لە ئایندەش بۆ غاز و ناتوانێت ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكانیشدا بكات.
ئاماژەی بەوە كرد، خواستی عێراق زیاتر بۆ غازی سروشتییە پێویستە ڕێككەوتنێكی گشتگیربكرێت و یاسای نەوت و غاز دەربكرێت و پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق جێگیربكرێت.