“درێسەکەی مارادۆنا بۆ خاوێن کردنەوەی قاپەکانیشم بەکار ناهێنم”

پیتەر شیڵتۆن، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە مۆندیالی 1986 پێی وایە، فرۆشتنی درێسە مێژووییەکەی مارادۆنا بە سەرمایەدارانی کەنداو تۆڵەی خودایییە لە گەلی ئەرجەنتین.

هەفتەی ڕابردوو درێسێکی مارادۆنا لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە 7.1 ملیۆن پاوەند فرۆشرا، ئەو درێسە هەمان ئەو درێسە بوو کە ئەفسانەکە لە قۆناغی چارەکی کۆتایی مۆندیالی 1986 بەرامبەر ئینگلتەرا پۆشیویەتی و دوو گۆڵی پێوە تۆمار کرد، گۆڵێکیان بە دەستەکانی تۆماری کرد و بە “دەستی خودا” ناوبانگی دەرکرد.

شیڵتۆن بە ڕۆژنامەی “زە سەن”ی ڕاگەیاندووە، “ئێمە وەک یاریزانانی ئینگلتەرا لەو کاتەدا نەماندەزانی ستیج هوجی یاریزانی هاوڕێمان درێسەکەی لەگەڵ مارادۆنا گۆڕیوەتەوە، خۆشی زانیویەتی کە چی کردووە بۆیە بابەتەکەی بە نهێنی هێشتووەتەوە تاوەکوو کاتی خۆی هات و ئاشکرای کرد، لەو کاتەدا ئێمە زۆر تووڕە بووین کە مارادۆنا بەو جۆرە فریودانە فێڵی لێکردین، ئەگەر بمانزانیایە درێسەکەی ئەوی وەرگرتووە، بەدڵنیاییەوە لە ژووری جل گۆڕینەکان دەمانکرد بە هەزار پارچەوە”.

شێڵتۆن بە زەردەخەنەوە دەڵێت، “ئەو درێسە لە ماڵەکەی خۆم بۆ خاوێن کردنەوەی قاپەکانیشم بەکار ناهێنم، سوپاسی خوداش دەکەم کە لە زیادکردنە ئاشکراکەدا ئەرجەنتینییەکان نەیانتوانی بیکڕن، ئەوە تۆڵەی خودایە بەرامبەر ئەو فریودانەی بۆ ئەرجەنتین کرا، ئێستا دەزانم ستیڤ هوج باشترین شتی کردووە، باشترین شمەکی ئەو ڕووداوە مێژووییەی لە ئەرجەنتین دابڕاند.”

مارسێلۆ ئۆرداس، کۆکەرەوەی کاڵا بەنرخەکان لە ئەرجەنتینەوە بە پاڵپشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین گەیشتە شاری لەندەن بۆ کڕینی درێسە مێژووییەکەی مارادۆنا، بەڵام بەهۆی بەرزی ئەو نرخەی سەرمایەدارێکی ئیماراتی پێشکەشی کرد، لە گەڕاندنەوەی درێسەکە بۆ ئەرجەنتین شکستی هێنا، سەرچاوەکان پێیان وایە ئەو سەرمایەدارە لە یانەی مانچستەر سیتی-یەوە نزیکە.

بابەتی پێشتر

بەهۆی مووشەكەكانی سەر هەولێرەوە دابەشكردنی بەنزینە 690 دینارییەكە ڕاگیرا

بابەتی دواتر

عەلی حەمەساڵح: بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بەنزین دەبێتە 450 دینار

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

فاتی بەرامبەر لیڤانتی دەگەڕێتەوە

ئەستێرەی لاوی یانەی بەرشلۆنە، ئانسو فاتی کۆتا ساتەکانی قۆناغی چارەسەربوون لە پێکان تێدەپەڕێنێت و بەرامبەر لیڤانتی دەگەڕێتەوە. ئەستێرە…
Total
0
Share