ڕۆژی جیهانیی کرێکاران

ڕۆژی 1ی ئایار لە جیهاندا وەک بۆنەیەک دیاریکراوە، بۆ یادکردنەوەی خەبات و دەستکەوتەکانی کرێکاران و بزووتنەوە کرێکارییەکان.

زیاتر لە 80 وڵاتی جیهان ئەم ڕۆژەیان بە پشووی فەرمی داناوە و بە یاسا ڕێگری لە دامەزراوەکان دەکەن، لەم ڕۆژەدا کارمەندانیان بخەنە سەر کار.

 

کارەساتی “هایمارکێت” و بنەڕەتی یادەکە

بیرۆکەی ئەم ڕۆژە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ “ڕووداوەکانی هایمارکێت” ساڵی 1886 لە ویلایەتی شیکاگۆ-ی ئەمریکا.

ڕووداوەکە لە خۆپیشاندانێکی کرێکارانەوە دەستیپێکرد کە ڕێگریی پۆلیسی لێکەوتەوە، دواتر کەسێکی نەناسراو بۆمبێکی بە ڕیزەکانی پۆلیسدا تەقاندەوە و گرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا دروستبوو.

7 پۆلیس کوژران و 60یش برینداربوون بەهۆی دەستڕێژی گوللەی هاوکارەکانیانەوە، کە لە بنەڕەتدا بۆ پەلاماردانی کرێکارەکان بوون. جگە لەوان، 8 خۆپیشاندەر بوونە قوربانی و 40ی دیکەش برینداربوون.

ئەم ڕووداوە سەرنجی هەموو جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، دەسەڵات 8 کەسی بە تۆمەتی ئەم کارەساتەوە دەستگیرکرد، چواریانیان لەسێدارە دا و یەکێکیان لە زینداندا کۆتایی بە ژیانی هێنا.

جێی ئاماژەیە کە ئەم تۆمەتبارکراوانەی لە مێژوودا بە “هەشتەکەی شیکاگۆ” ناسراون، سەرباری ئەوەی نەتوانرا تاوانباربوونی هیچیان بسەلمێندرێت، دەزگا ئەمنییەکان تەنانەت هیچ بەڵگەیەکیشیان نەبوو کە لە خۆپیشاندانەکاندا ئامادەبووبن.

 

مێژووی یادەکە

ساڵی 1889 کۆنگرەی جیهانیی گرووپە سۆسیالیستەکان 1ی ئایاری وەک ڕۆژی کرێکاران ناساند، ئەمەش وەک ڕێزگرتنێک لە ڕووداوەکانی “هایمارکێت”ی ویلایەتی شیکاگۆ لە ئەمریکا. پێنج ساڵ دوای ناساندنەکەی کۆنگرەی کرێکاران، گرۆڤەر کلێڤلاند سەرۆکی ئەوسای ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕۆژەکەی کردە پشووی فەرمیی وڵات، دواتر کەنەداش هەمان شێوەی ئەمریکای کرد.

لە وڵاتانی ئەوروپا مێژووی یادەکە کەمێک جیاوازە، چونکە بەر لە ڕۆژی کرێکاران، وڵاتانی ئەوێ لەم ڕۆژەدا جەژنێکی دێرینیان هەبووە و یادیان کردووەتەوە و ئاهەنگیان بۆ گێڕاوە، ئەم رۆژە بە “جەژنی بەهار” ناسراوە.

 

لە “جەژنی بەهار”ەوە بۆ ڕۆژی کرێکاران

جەژنی بەهار ئاهەنگگێڕانە بە بۆنەی گەڕانەوەی بەهارەوە. ڕەگوڕیشەی مێژوویی ئەم بۆنەیە تا ڕۆمانییەکان و یۆنانییە دێرینەکان دەڕوات و لە کۆندا بریتیبووە لە چەند ڕێوڕەسم و سرووتێک بۆ نرخاندن و پیرۆزڕاگرتنی کشتوکاڵ.

سرووتەکان، کۆکردنەوەی گوڵیان گرتووەتەوە تا دەگاتە سەما و سووڕانەوە بە دەوری ئاگردا، هەموو ئەمانەش بۆ زیادبوونی بەروبووم و فەڕی بەهار.

لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا ئەم بۆنەیە لە ئەوروپا کاڵبووەوە، هەروەها بەو هۆیەوە کە پرۆتێستانتەکان بە جەژنێکی نامەسیحییان دەزانی، لە زۆربەی شوێنان قەدەغەیانکرد و ڕێوڕەسمەکە نەچووە کەلتووری هیچ وڵاتێکی دیکەوە.

لە سەدەی 19دا و بەهۆی سەرهەڵدانی پرسی کرێکاران وبزووتنەوە کرێکارییەکانەوە، ئەم جەژنە بە تەواوەتی فەرامۆشکرا و یەکی ئایار تایبەتکرا بە کرێکاران و سەندیکا و بزووتنەوەکانی ئەو چینە.

بابەتی پێشتر

لە بازگەكانی هەولێر بە شیرینی و ئاو پێشوازی لە گەشتیارانی عەرەب دەكرێت

بابەتی دواتر

درێسی "بلاک مامبا" بە پێنج ملیۆن دەفرۆشرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share