شوان عەتووف بۆ جەژن لە دوو فیلمدا دەردەكەوێت

شوان عەتووف، فیلمساز و ئەكتەری كورد، بە ڕۆڵی سەرەكی بەشداریی دوو فیلمی نوێی كردووە و بڕیارە هەردوو فیلمەكە لە جەژنی ڕەمەزاندا نمایشبكرێن.

“بێ نیشتمان” و “ئەزموون” ناوی دوایین دوو فیلمی سینەمایی كوردیین و ژمارەیەك ئەكتەری بەشەكانی كوردستان ڕۆڵیان تیادا دەگێڕن، ژانری هەردوو فیلمەكە درامی – هونەریین. یەكەمیان لە نووسین و دەرهێنانی تورەج ئەسڵانی دەرهێنەری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، فیلمی دووەمیش شەوكەت ئەمین كاری دەرهێنانەكەی كردووە.

لە گفتوگۆیەكی “تۆڕی میدیایی ئێستا”دا، شوان عەتووف زانیاریی لەبارەی هەردوو فیلمەكەوە خستەڕوو و وتی، “لە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا ڕێوڕەسمی فەرشی سوور بۆ فیلمی ‘بێ نیشتمان’ ڕێكدەخرێت و دواتر فیلمەكە لە سینەماکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و کەرکوک نیشاندەدرێت.

‘بێ نیشتمان’ كە جگە لە شوان، گۆرانیبێژ هانی و چەند ئەكتەرێكی تری بەشەكانی كوردستان بە ڕۆڵبینین تیایدا بەشدارن و كۆمپانیای سینەمایی “ماد مووڤی” بەرهەمیدەهێنێت، كورد و بەشێك لە كۆژانەكانی ئەم سەردەمەی دەخاتەڕوو. ئاوارەیی، گرتنەبەری ڕێگای نادیاری كۆچ، پەرتەوازەیی و دڕدۆنگیی كوردەكان بەرانبەر بە یەكدیی تەنانەت لە دۆخە سەختەكانیشدا بەشێكن لەو چەمك و ڕەهەندانەی فیلمەكە تاوتوێیان دەكات.

سەختیی ڕێگای هەندەران ڕەنگە ئەزموونی هاوبەشی زۆربەی ئەو كوردانە بێت كە كۆچدەكەن، بەڵام ئەوەی كە بەركەوتەی چەكی كیمیایی بیت و بە تانكەر كۆچبكەیت، ڕەنگە دۆخەكە سەختتربكات. “هاوڕێ” ناوی ئەكتەری سەرەكیی فیلمی ‘بێ نیشتمان’ـە كە شوان عەتووف ڕۆڵەكەی دەگێڕێت، هاوڕێ پیاوێكی هەڵەبجەییە و بەركەوتەی چەكی كیمیایی بووە لە بۆردومانكردنی هەڵەبجەدا، ئەو هۆكارەی كە وایكردووە تووشی تەنگەنەفەسیی درێژخایەن ببێت و لە ڕێگای كۆچكردنی بۆ هەندەران، دووچاری گرفتاریی دەكات، هەمان ئەو ڕێگایەی كە هاوڕێ وەك كەسێكی جیاواز نیشاندەدات لە بۆچوونەكانیدا سەبارەت بە نیشتمان، دۆخی سیاسی و باری كۆمەڵایەتیی كوردستان.

لەبارەی فیلمی “ئەزموون”یشەوە كە ئاڤان جەمال و چەند ئەكتەرێكی تری كوردستان تیایدا بەشدارن و چەندین خەڵاتی جیهانیی بەدەستهێناوە، شوان عەتووف ڕایگەیاند، “جەمال كارەكتەری سەرەكییە كە من ڕۆڵەكەی دەگێڕم و مامۆستایەكی دەستپاكە، ڕووبەڕووی هەڵمەتی گزیكردنی خوێندكاران لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا دەبێتەوە و ئەوەش لەگەڵ باندێكدا دووچاری گرفتی دەكات”.

“ئەزموون”پێش جەژنی ڕەمەزان بە چەند ڕۆژێك فەرشی سووری بۆڕادەخرێت و لە هۆڵەكانی سینەمای شارەكانی باشووری كوردستاندا نیشاندەدرێت.

جگە لەم دوو فیلمە، شوان عەتووف ئەمساڵ لە سێ فیلمی سینەمایی تردا بەشداری دەكات، لەوانە “وەرزی لەقلەقەكان”.

بابەتی پێشتر

شاندێكی حكومەتی هەرێم دەگاتە بەغداد

بابەتی دواتر

ڕوونكردنەوەیەك لە پۆلیسی هەولێرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مێژووی داری کریسمس

بەکارهێنانی دارە هەمیشەسەوزەکان لە جەژنی سەری ساڵ و کریسمسدا مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەڵام دواتر وشەی “داری کریسمس” ـی…
Total
0
Share