وێنە.. کەرنەڤاڵە مەزنەکەی بەرازیل دەگەڕێتەوە

پاش ڕاگیرانی بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە بەرازیل کەرنەڤاڵی ڕیۆ دی جانێرۆ دەستیپێکردەوە.

لەگەڵ گەڕانەوەی کەرنەڤاڵەکەدا، شەقامەکانی شاری ڕیۆ دی جانیرۆی بەرازیل بە مۆسیقا و سەما پڕبوونەوە.

کەرنەڤاڵی ڕیۆ دی جانێرۆ یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوە کەلتوورییەکانی وڵاتەکە و چەندین ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لە یەکێک لە چەلاکییەکانی کەرنەڤاڵی ئەمساڵدا، یەکێک لە ئەکتەرەکانی سەر شانۆیەک “بوو بە تیمساح”، پاش ئەوەی ڤاکسینی کۆرۆنای لێدرا.

ئەمە ئاماژە بوو بە قسەیەکی جەیر بۆرسۆنارۆ سەرۆکی وڵات، کە جارێکیان گوتبووی یەکێک لە پاشهاتەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەوەیە کە ڕەنگە بتکات بە تیمساح.

هەروەها باشترین تیپ و قوتابخانەکانی سەمای سامبا لە کەرنەڤاڵەکەدا بەشداربوون و هەزاران سەماکار پێکەوە لەسەر شەقامەکان چالاکییان هەبوو.

پاولۆ مینیزێس ئەندامی تیپی سەمای Rosas de Ouro ڕایگەیاندووە، کەرنەڤاڵی ئەمساڵ “هاوارێک بوو بۆ وەلانانی هەموو ئەو شتە خراپانەی بە درێژایی چەندساڵی ڕابردوو پێیدا تێپەڕین”.

کەرنەڤاڵی ڕیۆ دی جانێرۆ لە بەرازیل، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 18 و وەک گەورەترین کەرنەڤاڵی جیهان خراوەتە کتێبی گینسەوە. ساڵانە زیاتر لە 500000 گەشتیاری بیانی سەردانیدەکەن و لە هەر ڕۆژێکی کەرنەڤاڵەکەدا زیاتر لە 2 ملیۆن کەس دەڕژێنە سەر شەقامەکان.

 

بابەتی پێشتر

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدەدات.. مرۆڤایەتی لەسەر وێرانکردنی خۆی بەردەوامە

بابەتی دواتر

زیانلێکەوتووانی لافاوەکانی هەولێر ناڕازین لە بڕی قەرەبووەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share