فیلمی (سەبایا) ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە
بەرهەمهێنەكەش بە پاڵەوانی ئێزدییەكە وەڵامدەداتەوە

فیلمێكی بەڵگەنامەییە دەربارەی ڕزگاركردنی ئەو كچانەی لەلایەن داعش-ەوە ڕفێندراون

فیلمی بەڵگەنامەیی (سەبایا) كە باس لە ڕەوشی كچانی ئێزدی دەكات لە سایەی چەكدارانی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، كێشەی لێكەوتەوە پاش ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) كە دەڵێت، دەركەوتنی كچەكان لەنێو فیلمەكەدا بەبێ ڕەزامەندی خۆیان بووە.

ئەنتۆنیۆ ڕۆسۆ مریندا، بەرهەمهێنەری فیلمەكە بە بەیاننامەیەك وەڵامی ڕۆژنامە ئەمریكییەكەی دایەوە پشتبەست بە شاهیدیی پاڵەوانی فیلمەكە و پەیمانگای سینەمایی سویدی.

مریندا لە بەیاننامەكەدا دەڵێت، ئەو و هۆگر هروری-ی دەرهێنەر “ڕەزامەندی نووسراو یان زارەكی یاخود وێنەگیراوی هەموو ئەوانەیان هەیە كە لە (سەبایا) دەردەكەون، بەهەمان شێوەی ڕەزامەندیی یاسایی ئەو كچە مێردمنداڵەیان هەیە كە لە فیلمەكەدا دەردەكەوێت و و خەڵاتی (سندانس)ی سینەمایی بەدەستهێنا”.

بەپێی پەیمانگای سینەمایی سوید، یاسای وڵاتەكە دەڵێت، ڕەزامەندیی نووسراو یان زارەكی هەمان هێزیان هەیە، وەك ئەوەی لەو نامەیەی پەیمانگاكەدا هاتووە كە لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێدراوە.

فیلمە بەڵگەنامەییەكە باس لە گروپێكی ڕزگاركەر دەكات كە مەترسی لەسەر ژیانی خۆیان دروستدەكەن بۆ ڕزگاركردنی ئەو كچانەی لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون و وەك بەكارهێنراوێكی سێكسی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن.

نیویۆرك تایمز لە ڕاپۆرتەكەدا دەڵێت، بەشداربووانی فیلمەكە فۆڕمێكی ڕەزامەندیی ئەلیكترۆنییان بە زمانی ئینگلیزی پێدراوە، بەو زمانەی لێیتێنەگەیشتوون، ئەمەش پاش نزیكەی دوو ساڵ دێت بەسەر وێنەگرتنیان و بڵاوكردنەوەی فیلمەكەدا.

لە وەڵامدا بەرهەمهێنی فیلمەكە دەڵێت، “لە سەرەتادا ڕەزامەندیی زارەكیی كچەكان تۆماركراوە” لە پلانیشیدا بووە بە دەستی واژووی نوسراوەكە بكەن لە گەشتی داهاتوویدا، بەڵام بەهۆی كۆرۆناوە گەشتەكەی دواكەوتووە و وتی، “وەڵامی ئەو كچ و ژنانەی لە فیلمەكەدا وێنەگیراون پڕبووە لە سوپاس و پێزانین بەهۆی ئاشكراكردنی ئەو ناڕەحەتییانەی بەدەستییەوە ناڵاندوویانە”.

پاڵەوانی سەرەكیی فیلەكەش لە بەیاننامەیەكی وەرگێڕدراو لە زمانی كوردییەوە دەڵێت، دەرهێنەر “بۆی شیكردوونەتەوە كە ئەو چییە و، دەیەوێت فیلمێكی بەڵگەنامەیی دروستبكات و دەربارەی وردەكارییەكەی ئاگاداریكردوونەتەوە”.

وتیشی، “بەدڵخۆشییەوە واژووم لەسەر فۆڕمی ڕەزامەندی كرد بە ویستی خۆم، هیچ كەس ناچاری نەكردووم لەسەر ڕەزامەندیدان لەسەر هەرشتێك”، ڕوونیشیدەكاتەوە كە دوو وێنەی لە فۆڕمی ڕەزامەندی پێدراوە، یەكێكیان بە زمانی ئینگلیزی و ئەوی دیكەیان بە زمانی عەرەبی، ئاماژە بەوەشدەكات كە ناڕەزایی لە هیچكام لە بەشداربووانی دیكەش نەبینیووە.

فیلمەكە باس لە ژمارەیەك كچ و ژنی ڕووخسار داپۆشراو بە نیقاب دەكات، كە دزەدەكەنە نێو كامپەكانی داعش بۆ ئازادكردنی ئێزدییەكان لە دەست داعش.

لە 3ی ئابی 2014 داعش پاش پاشەكشەی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هێرشی بۆسەر شەنگال ئەنجامدا و بەهۆیەوە سەدان هەزار كەس لە ئێزدییەكان هەڵاتن و ڕووبەڕووی “لەناوبردنی بەكۆمەڵ” بوونەوە لە كوشتن و سەربڕین و كۆیلەكردنی سێكسیی كچ و ژنەكانیان.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

واشنتن: تورکیا بەردەوامبێت لەسەر کڕینی چەکی ڕوسی ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە

بابەتی دواتر

زنجیرەی دەلتا هەڕەشە لە جیهان دەکات.. لەهەر خولەکێکدا پێنج کەس گیانلەدەستدەدەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share