كورد پیرۆزبایی بەسەر “هاوڕێ” ماكرۆندا باراند

دوای سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی فەرەنسا و هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی ‏وڵاتەكە، كورد پیرۆزبایی بەسەر ماكرۆندا باراند و پەیامی جیاجیان بۆ نارد، هەندێكیان ‏بە “هاوڕێ” ناویانهێناوە.‏

شەوی ڕابردوو ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی فەرەنسا ڕاگەیەندرا و ‏ئیمانوێل ماكرۆن بە بەدەستهێنا 57.60%ی دەنگەكان سەركەوتنی مسۆگەركرد و بۆ پێنج ‏ساڵی دیكە دەبێتەوە بە سەرۆكی ئەو وڵاتە.‏

هەر زوو لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان، سەركردە و بەرپرسانی هەرێم و عێراق ‏پیرۆزباییان لە ماكرۆن كرد، تەنانەت پەرلەمانتارێكی گۆڕانیش پەیامی بۆ سەرۆكی نوێی ‏فەرەنسا هەبوو. ‏

د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیامێكدا بۆ ماکرۆن دەڵێت، “پیرۆزبایی لە ‏ھاوڕێم ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی ‏فەرەنسای ھاوبەشی گرنگی عێراق، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، ھەروەھا ئومێدی ‏پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی فەرەنسا دەخوازم”.‏

بەرهەم ساڵح ئاماژەی بۆنەكەی بە دەرفەت زانیوە تاوەکو “پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ‏نێوان ھەردوو گەلی دۆست” دووپاتبكاتەوە، بە ئاراستەی خزمەتکردنی بەرژەوەندییە ‏ھاوبەشەکان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی لە تەواوی ناوچەکەدا.‏

بارزانی خۆشحاڵە

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش پەیامێكی ئاراستەی ماكرۆن ‏كرد و خۆشحاڵە كە جارێكی دیكە بە سەرۆكی فەرەنسا هەڵبژێردراوەتەوە.‏

بارزانی لە پەیامەكەیدا كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر ‏بڵاویكردووەتەوە، نووسویەتی، “خۆشحاڵم بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی بەڕێز ئیمانوێل ‏ماکرۆن بۆ سەرۆکایەتیی فەرەنسا، هیوای خێر و خۆشی بۆ گەلی فەرەنسای دۆست ‏دەخوازم”.‏

سەرۆكی پارتی ئەوەشی بۆ ماكرۆن نووسیوە، “ئومێدمان ئەوەیە پەیوەندی و دۆستایەتیی ‏نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەرەنسا هەر بە بەهێزی بمێنێتەوە”.‏

نێچیرڤان بارزانیش پیرۆزبایی لە ماكرۆن كردووە و بە “هاوڕێ” وەسفیكردووە، سەرۆكی ‏هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا بۆ سەرۆكی فەرەنسا دەڵێت، “پیرۆزبایی لە هاوڕێم ‏ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی فەرەنسا”.‏

دەشڵێت، “چاوم لەسەر گەشەدانە بە پەیوەندییەکانمان لە نزیکەوە و هەوڵەکانمان بۆ ‏بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمایەتی”.‏

هەروەها مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان “گه‌رمترین ‏پیرۆزبایی” لە ئیمانوێل ماكرۆن دەكات، بە ماكرۆن دەڵێت، “چاوم له‌وه‌یه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كار ‏بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به‌ دۆستایه‌تیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا بده‌ین”.‏

بابەتی پێشتر

کەشناسی: تاوەباران و تەرزە دەبارێت

بابەتی دواتر

بەتەمەنترین ژنی جیهان مرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share