بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەولەوییەتی یەکێتی بۆ سەرخستنی ھەنگاوەکانی چاکسازی و گۆڕانکاریی ڕیشەییە

بافڵ جەلال تاڵەبانی بە ئامادەبوونی دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی لە دەباشان پێشوازیکرد لە یڤیس دوڤال، لێپرسراوی نووسینگەی کەنەدا لە ھەرێم و ڕایگەیاند، “ئەولەوییەتی یەکێتی بۆ سەرخستنی ھەنگاوەکانی چاکسازی و گۆڕانکاریی ڕیشەییە”.

لە دیدارەکەدا قۆناغی دوای ھەڵبژاردن لە عێراق، بەشداریی کورد لە حکومەتی داھاتوو، بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی و ئابوری و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لەنێوان ھەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بۆچوون و ھەڵوێستی یەکێتی لەو ڕووانەوە ئاماژەی پێکرا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی پرۆسەی سیاسی لە بەغداد و گۆڕانکارییەکان ڕوونکردنەوەی دایە شاندی میوان، پێیڕاگەیاندن “بۆ ئەمڕۆ پێکھێنانی حکومەتی خزمەتگوزار، کارا و چالاک پێویستیی قۆناغەکەیە و وەڵامدەرەوەی خواستی شەقام و داواکاریی ھەموو لایەک دەبێت، کە ئێمە پشتگیری لەم ھەوڵانە دەکەین لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵک، هەروەها یەکڕیزیمان و تەباییمان لە ناوەند زامنی پاراستنی مافەکانمان دەبن و لە ھەوڵی دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانین تا بەیەک نامەی سیاسی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بچینە گفتوگۆوە”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی دەربارەی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە، “پێشوازی لە ھەر ھەوڵ و ھەنگاوێک دەکەین کە بۆ باشترکردنی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک بنرێت، ئەولەوییەتی کاری یەکێتی بۆ سەرخستنی ھەنگاوەکانی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەییە لە بەڕێوەبردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی خۆمان و چاکسازییەکانی ڕێکخراوەیی و حکومەتیش ھەر لەو پێناوەدان”.

ھەر لە دیدارەکەدا تەئکید لە ھەماھەنگی و پێشخستنی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان لەنێوان ھەرێم و کەنەدا کرایەوە بەشێوەیەک خزمەت بە پرۆسەی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابوریی ھەرێم بکات، ھانی کۆمپانیا و خاوەنکاران بدرێت سەرمایەکانیان لە ھەرێم بخەنەگەڕ و ھاوکاربن بۆ بووژاندنەوەی زیاتری بازاڕ و ڕەخساندنی ھەلی کار.

بابەتی پێشتر

تاڵیبان ڕێگە بە سەردانیكردنی "بودا" دەدات

بابەتی دواتر

جارێکی دیکە دەوامی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت گۆڕانکاری بەسەرداهات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share