34ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر شاڵاوی ئەنفالدا و بڕیارە لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە چەمچەماڵ چەند چالاکییەك بەو بۆنەیەوە بەڕێوەچن.
بڕیارە كەمێكی دیكە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ مەراسیمی یادكردنەوەی 34 ساڵەی ئەنفال بە کردنەوەی پێشەنگای وێنەکێشان و فۆتۆگرافی و چەند چالاکییەکی دیکە دەستپێبكات.
مەراسیمەكە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوامدەبێت و تیایدا چەند چالاكییەكی وەكو سازدانی كۆڕ و سمینار و ناساندنی کتێب ئەنجام دەدرێن.
شەوی ڕابردوش بە داگیرساندنی 34مەشخەڵ سەنتەری چالاکی گەنجان و مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ یادەکەیان بەرز راگرت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە 14ی نیسانی ساڵی 1988 ڕژێمی پێشووی بەعس بە هەشت قۆناغ دەستی بە پرۆسەی ئەنفالکرد، کە بەهۆیەوە نزیكەی 182 هەزار كەس ئەنفال كران و بە هەزاران گوندیش خاپوور كران، ئەو ڕۆژەش وەکو ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە باشوری کوردستان دەستنیشانکراوە و یادی دەکرێتەوە.
هاوكات تاوەكو ئێستا ئێسک و پروسکی ژمارەیەک لە ئەنفالکراوان لە بیابانەكانی نوگرەسەلمان و سەماوە نەدۆزراونەتەوە و حکومەتی عێراقیش قەرەبووی کەسوکارەکانیانی نەکردووەتەوە.