كۆتایی ڕژێم.. 19 ساڵ بەسەر ڕووخانی بەعس تێدەپەڕێت

ڕووخاندنی پەیكەری سەدام لە ناوەڕاستی بەغداد لە 9ی نیسانی 2003دا

لە 9ی نیسانی 2003 سوپای ئەمریكا كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی بەغدادی پایتەختی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی جۆرج بۆش-ی سەرۆكی ئەوكاتی ویلایەتە یەكگرتووەكان بڕیاری دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی هاوپەیمانانی لە عێراق دا.

ئۆپەراسیۆنەكە لە 20ی ئازاری هەمان ساڵ بە ئەنجامدانی چەند لێدانێكی ئاسمانی و بەمەبەستی لەناوبردنی ڕژێمی بەعس دەستیپێكرد و لە 9ی نیسان بە ڕووخاندنی پەیكەری سەدام حسێن لە ناوەڕاستی بەغداد و لێدان بە تاكە نەعل لە وێنەكانی سەدام لەلایەن ئەبو تەحسین- یەكێك لە دانیشتووانی شارەكە سەركەوتنی ڕاگەیەنرا.

لە شەڕەكەدا كە لەژێر ناوی (پڕۆسەی‌ ئازادیی‌ عێراق) بەڕێوەچوو، هەریەك لە وڵاتانی (بەریتانیا و ئوسترالیا) هاوكاری ئەمریكا بوون، جگەلە چەند وڵاتێكی دیكە.

دوای كۆنتڕۆڵكردنی بەغداد هێزەكانی ئەمریكا هاوكاریی هێزی پێشمەرگەیان كرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی كەركوك و ئەوەبوو لە 10ی نیسان شارەكە كەوتە دەست پێشمەرگە و لە 15ی نیسانیش تكریت-ی شوێنی لەدایكبوونی سەدام كۆنتڕۆڵكرا.

دەستگیركردن و لەسێدارەدانی سەدام
بەر لەوەی زۆرینەی ناوچەكانی عێراق بكەوێتەدەست خەڵك و هێزەكانی ئەمریكا سەدام و دارودەستەكەی ڕوویان لە ناوچەكانی دەرەوەی بەغداد كرد و خۆیان حەشاردا. بۆ دۆزینەوەی سەدام و كەسە پلەیەكەكانی ڕژێمەكەی ئەمریكا خەڵاتی دەیان ملیۆن دۆلاری تەرخانكرد.

لە ڕۆژی 12ی‌ كانونی‌ یەكەمی‌ هەمان ساڵ دوای ئەوەی‌ هێزەكانی‌ ئەمریكا لەهەڵمەتێكی‌ گەڕان ‌و پشكنیندا لەناوچەی‌ (كەڕادە)ی‌ شاری بەغداد توانیان كەسێك بەناوی (محەمەد ئیبراهیم ئەلسمەت) دەستگیربكەن كە پێشتر پلەی (عەقید)ی‌ هەبوو لە سوپای عیراقدا، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ناوبراو شوێنی‌ خۆحەشاردانی‌ (سەدام حسێن)ی‌ بۆ هێزەكانی‌ ئەمریكا دركاند و ئێوارەی‌ هەمان ڕۆژ هێزێكی‌ تایبەتی‌ مارێنزی ئەمریكا‌ بە پاڵپشتیی‌ فڕۆكە جەنگییەكان بەرەو ئەو ناوچەیە بەڕێكەوتن، دوای پشكنین ‌و گەڕانێكی‌ ورد لە ناوچەكەدا بەرەبەیانی‌ ڕۆژی 13ی‌ كانونی‌ یەكەم توانییان لە چاڵێكی‌ تەنگدا سەدام دەستگیربكەن.

دواتر لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی‌ عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی‌ بۆ دەركرا و لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قورباندا لە 30-12-2006 سەدام لەسێدارەدرا.

بابەتی پێشتر

بکوژی ئەندامەکەی یەکێتی لە کەرکوک دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

قەرزێكی دیكەی 150 ملیۆن دیناری لە عێراقەوە بۆ هاوڵاتییەكانی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لەسێدارەدانی سێ سزادراو جێبەجێكرا

لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە سزای لەسێدارەدانی سێ كەسی تاوانباركراو بە تاوانی “تیرۆر” لەسێدارەدران، بڕیارەكە لە بەندینخانەی ناوەندیی ناسڕیە جێبەجێكرا.…
Total
0
Share