لە سبەینێوە کاتەکانی دەوامکردن لە فەرمانگەکانی بەغداد گۆڕانکارییان بەسەردا دێت

ئەنجوومەنی وەزیران کاتەکانی دەوامی دامودەزگا رەسمییەکانی بەغدادی پایتەختی دیاری کرد، بەشێک لە فەرمانگەکان دەوامیان لە کاتژمێر 7:00 دەستپێدەکات.

لە راگەیەندراوێکدا، ئەمیندارییەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کاتەکانی دەوامی لە فەرمانگە و دامەزراوە رەسمییەکانی بەغدادی پایتەختی عێراق دیاریکرد.

بەشێک لە فەرمانگە و دامەزراوە رەسمییەکان، لە ناوچەی سەوز و وەزارەتەکانی (کاروباری دەرەوە، پلاندانان، کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو، ژینگە، کۆچ و کۆچبەران، پەیوەندییەکان، وەرزش و لاوان، رۆشنبیری، پیشەسازی و کانزاکان، بانکی ناوەندیی عێراق، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی) لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی دەستپێدەکات و کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ کۆتایی دێت.

هاوکات، بەشێکی دیکەییان کە هەرسێ سەرۆکایەتیی و وەزارەتەکانی (ناوخۆ، بەرگری، تەندروستی، دارایی، کارەبا، داد، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی پەروەردە و سەرجەم خوێندنگە و پەیمانگاکانی پەیوەست بەوەوە) لە کاتژمێر 8:00ی بەیانی دەستپێدەکات و کاتژمێر 3:00ی دوای نیوەڕۆ کۆتایی دێت.

دەوامی رەسمی بۆ وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، گواستنەوە، بازرگانی، بیناسازی و نیشتەجێکردن، شارەوانی و کارە گشتیەکان، نەوت، فەرمانگەی ئەوقافی شیعە و سوننە، دامەزراوەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، دەستەی باڵای حەج و عومرە). لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی بۆ 4:00ی دوای نیوەڕۆ دەبێت.

دەوامی رەسمی بۆ سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا حکومی و ئەهلییەکان لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی دەستپێدەکات، بە لەبەرچاوگرتنی دەستکاریکردنی پشووی هەفتانە بۆ کۆلێژ و بەشەکان بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانکاری لە دەوام لە رۆژانی هەفتەدا.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سوپای عێراق ڕێگری كردووە لەوەی “گروپێكی داعش” لە سوریاوە بێنە ناو خاكی وڵاتەكەیەوە

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ئاشكرایكردووە، شكستیان بە هەوڵێكی داعش هێناوە بۆ دزەكردنە ناو عێراقەوە. لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە…
Total
0
Share