بۆ پیاوان.. زیادەڕەوی لە وەرگرتنی پرۆتیندا کێشەی تەندروستیی لێدەکەوێتەوە

پرۆتین لەو ماددە خۆراکییانەیە کە سوودێکی گەورەی بۆ جەستە و بە تایبەتی بۆ ماسوولکە و ئێسکەکان هەیە، بەڵام مەرج نییە تاکو زیاتر وەربگیرێت، سوودەکانیشی زیاتر ببن.

بەپێی زیاتر لە 30 توێژینەوەی تایبەت بە وەرگرتنی پرۆتین، دەرکەوتووە زیادەڕەویکردن لە وەرگرتنی ئەو ماددەیەدا هیچ سوودێکی نییە و زۆربەی جار زیان بە ڕێژەی کاربۆهیدرات و ڕیشاڵ و ماددەخۆراکییە پێویستەکانی دیکە دەگەیەنێت.

یەکێک لە توێژینەوەکان دەریخستووە، “پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی کە بەرامبەر بە وەلانانی کاربۆهیدرات، ڕێژەیەکی بەرزی پرۆتینی تێدابێت، دەکرێت کێشەی تەندروستیی مەترسیدار لە پیاواندا دروستبکات، بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانیەوە لەسەر هۆرمۆنی تێستێسترۆن و کۆرتیزۆل”، ئەمەش دەکرێت کێشەی ئەنجامدانی سێکس و خستنەوەی منداڵی لێبکەوێتەوە.

بەپێی پێگەی “مایۆ کلینیک”، ئەو سیستمی خۆراکەی پرۆتینی بەرزە و لای وەرزشوانان زۆر باوە، پرۆتین ڕێژەی 35%ی پێکدەهێنێت و لە گۆشتەمەنی و هەندێک جاریش گیراوەی پرۆتینەوە وەردەگیرێت.

بەپێی توێژینەوەیەکی پێگەی “ستەدی فایندز” کە لەلایەن جۆزێف ویتاکەر توێژەر لە زانکۆی وارسێستەری بەریتانییەوە سەرپەرشتیکراوە، زۆربەی ئەوانەی ڕێژەیەکی بەرزی پرۆتین وەردەگرن، هۆرمۆنی تێستێسترۆنیان بەڕێژەی 37% دابەزیوە و تووشی لاوازیی سێکسی، ماندوویی و خەمۆکی بوون.

ویتاکەر ڕوونیکردەوە، “زۆربەی خەڵک نزیکی ڕێژەی 17% پرۆتین وەردەگرن، ئەمەش بۆ خەڵکانی ئاسایی گونجاوە و کێشەی نییە. بەڵام ئەو سیستمە خۆراکییانەی تێیاندا ڕێژەی پرۆتین زۆر بەرزە، دەبنە هۆی دابەزینی تێستێسترۆن. واتە ئەو سیستمانەی ڕێژەی پرۆتین تێیاندا 35% زیاترە، تێستێسترۆن بە ڕێژەی 37% دادەبەزێنن. بۆیە نابێت پرۆتین ڕێژەی 25% تێبپەڕێنێت”.

هەروەها توێژینەوەکە ڕوونیکردەوە، وەرگرتنی پرۆتینی زۆر و وەلانانی کاربۆهیدرات دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هۆرمۆنی کۆرتیزۆل لە خوێندا، کە ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە خەمۆکی و ماندووییدا، هاوکاتیش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سیستمی بەرگری هەیە و وادەکات خەڵک وەک پێویست بەرگەی نەخۆشییەکانی ئەنفلۆنزا و کۆرۆنا نەگرن.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید ڤینیسیۆز-ێکی دیکەی کڕی

بابەتی دواتر

عێراق..بڕیاردرا یەك كاتژمێر دەوامی فەرمانبەران لە مانگی ڕەمەزاندا كەمبكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share