بەیانی ئەمڕۆ سوپای توركیا چووە نێو چەند گوندێكی سنووری برادۆستەوە لە پارێزگای هەولێر.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا گواستیەوە، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە سوپای تورکیا پێشڕەوییان کردووە بۆ نێو گوندەکانی “لێلکان، خەلیفان و کونەڵە” لە ناوچەی “دەشتەهێرت” لە سنووری برادۆستی سەر بە پارێزگای هەولێر.
پێشڕەوییەكەی سوپای توركیا ترس و دڵەڕاوكێی لای دانیشتووانی ئەو گوندانە دروستكردووە.
میدیای پەكەكەش باسی لە پێشڕەوییەكە كردووە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوز بڵاویكردووەتەوە، سوپای توركیا چوونەتە چوارگوندەوە، جگە لە “لێلکان، خەلیفان و کونەڵە”، ناوی گوندی هەڵکێڵا-شیان هێناوە.
بەوتەی میدیاكەی پەكەكە، “سەربازەکان ژمارەیان نزیکەی ١٠٠ سەرباز دەبێت و لە ئێستادا لەناو ئەو گوندانە دەسووڕێنەوە و لەگەڵ دانیشتووانی گوندەکە قسەدەکەن”.
سەرچاوەیەکی خۆجێیی سنوورەکە بە ڕۆژنیوزی وتووە، “سوپای تورکیا هەڕەشەیان لە هاوڵاتیانی ئەو گوندانە کردووە، کە نابێت لەو سنوورانەوە مەترسیی لەسەر بارەگاکانی سوپای تورک دروست ببێت”.