بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی پرسی “نمایشی شانۆیی دوا ڕۆژەكانی بابلۆ”وە بڵاوكردەوە و ڕوونكردنەوە لەو بارەیەوە دەدات و دەڵێت، “بەپێی یاسا و ڕێنمایی مامەڵەمان كردووە”.
دوێنێ سێشەممە ستافی شانۆیی دوا ڕۆژەكانی بابلۆ ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی-یان تۆمەتباركرد بە ڕاگرتنی نمایشەكە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی لە ڕوونكردنەوەكەیدا ڕایگەیاندووە، بەپێی ڕێككەوتنی پێشوەختە و دوای درێژكردنەوەی ماوەی نمایشەكە، بڕیاری كۆتاییهێنان بە “نمایشی شانۆیی دوا ڕۆژەكانی بابلۆ”یان داوە.
باس لەوەش دەكات كە “هۆڵی ڕۆشنبیری” لەلایەن ستافی نمایشێكی شانۆیی دیكەوە گیراوە و “ئەوان مافی خۆیانە هۆڵەكەیان بۆ چۆڵبكرێت”، وەك ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی دەڵێت و جەختیشدەكاتەوە لەوەی پەنا دەباتەبەر دادگا بۆ یەكلاییكردنەوەی “كێشەكە”.
دەقی ڕاگەیەندراوەكە:-
ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانییەوە
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی، لەپێناوی ئەوەدا درووست بوون كە بە گوێرەی توانای بەردەست و ئەو ژێرخانە ڕۆشنبیرییەی هەیە خزمەتی كایەی ڕۆشنبیری و هونەری بكەین، لەو چوارچێوەیەشدا درێغیمان نەكردووە.
سەبارەت بەو بەیاننامەیەی بەناوی ستافی شانۆیی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ)وە بڵاوكراوەتەوە، بە پێویستی دەزانین بۆ ئەوەی ڕای گشتیی بەهەڵەدا نەبرێت، ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە بكەین:
1- شانۆیی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) كارێكی هاوبەشی (سۆ ماركێتینگ) و بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمانە، ئێمەش وەك ئەوان خۆمان بە خاوەنی ئەو شانۆییە دەزانین و بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە كە ئەو شانۆیە بە هیچ شێوەیەك نە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتییمان و نە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانەوە ڕانەگیراوە. بەڵكو بڕیار بوو ئەو شانۆییە تا 10/3/2022 نمایش بكرێت و ڕێككەوتنەكەشیان لەگەڵ ئێمەدا بەو جۆرە بوو. بەڵام ستافێكیان سەردانی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتییان كرد داوایان كرد بۆ 20/3/2022 كاتی نمایشەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە، لە كاتێكدا پێشتر ڕۆژەكانی 15/3 و 18/ 3 لەلایەن لایەنی تر و تیپی ترەوە هۆڵەکە گیرا بوو، بەڵام لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتیی شوێنی تر بۆ ئەو دوو لایەنە تەرخان كرا و ڕەزامەندیی درا لەسەر درێژكردنەوەی ماوەكە بۆ 20/3/2022.
2- دوای كۆتایی هاتنی ئەو ماوە درێژكراوەیە دیسانەوە پڕۆدیوسەر و دەرهێنەری شانۆیی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) داوایان كرد كە سەرلەنوێ بۆ 1/4/2022 ماوەی نمایشیان بۆ درێژبكرێتەوە. ئەمە لە كاتێكدا پێشتر ئاگادار كرابوونەوە كە هۆڵەكە لە 20/3 ەوە بۆ مەراسیمی ڕۆژی جیهانیی شانۆ لەلایەن بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتییمانەوە گیراوە. پێیان وترا ئەو چەند ڕۆژە مافی ئەوانە، ئەگەر ئێوە بتوانن لەگەڵ بەڕێز (ئاسۆ نوری) كە دەرهێنەری شانۆیی (مردن لە چوار وەرز)دایە و بەشێكە لە مەراسیمەكە، ڕێك بكەون، نمایشەكەی بباتە هۆڵێكی تر، ئێمە كێشەمان نییە و كاتەكە درێژ دەكەینەوە، بەڵام لەگەڵ دەرهێنەری شانۆیی (مردن لە چوار وەرز)دا ڕێك نەكەوتبوون، چونكە بەڵگەی هونەرییان هەبووە و بۆ ستافی شانۆی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ)یان ڕوون كردوەتەوە كە ئەوان لە سەرەتاوە كاریان لەسەر جوگرافیای هۆڵی ڕۆشنبیریی كردووە و مافی خۆیانە لە 20/3 ەوە هۆڵەكەیان بۆ چۆڵ بكرێت. چەند جارێكی تریش بەرێز بەڕێوەبەری گشتیی قسەی لەگەڵ دەرهێنەری شانۆی (مردن لە چوار وەرز)دا كردووە تاكو ڕازیی بكات، بەڵام ئەو سوور بووە لەسەر ئەوەی لە مافی خۆی سازش نەكات. لەو ڕووەشەوە یاسا و ڕێنمایی پشتگیری ئەویان كردووە. چونكە پێشوەختە هۆڵەكەی گرتووە.
3- بە داخەوە بەیاننامەكەی بەڕێزان لە ستافی شانۆیی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) بە نەفسێكی ناهونەرییانە نوسراوە و هەستی بەرپرسیارێتی تێیدا زۆر لاوازە. بە تایبەت كە ئەوان تۆمەتی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، لە كاتێكدا بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان تەنها فەرمانیان كردووە بەپێی یاسا و ڕێنمایی مامەڵە بكرێت و ماف بە كام لایە پێی بدرێت.
4- لە شوێنێكی تردا ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوان پارە بەحكومەت دەدەن، بەڵام ڕاستییەکەی كارەكە هاوبەش بووە و بەڕێوبەرایەتیمان هۆڵەكەی بێ بەرامبەر پێ بەخشیوون، تەنها پارەی خزمەتگوزارییان داوە و گازیان بۆ موەلیدە دابین كردووە.
5- ئێمە لە هەموو ئەوەی نوسیوومانە بەرپرسیارین و بە مافی خۆشمانی دەزانین پەنا بەرینە بەر دادگا كێشەكە یەكلایی بكاتەوە، چونكە پێویستە ڕێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نەدرێت لە پێناوی ڕیكلامكردن بۆ خۆیان و پارەپەیداكردندا تەشهیر بە ناو و ناوبانگی كەسان و لایەنانی تر بكەن.
بەڕێوبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی
23/3/2022