هیومەن ڕایتس وۆچ: لە عێراق ئەنجامدەرانی توندوتیژی دژی هاوڕەگەزخوازان ‏سزانادرێن

ڕێکخراوی هیومەن ڕایتس وۆچ ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و باس ‏لەوەدەکات هاوڕەگەزخوازەکان “کۆمەڵگەی میم” لە عێراق ڕووبەڕووی توندوتیژی، ‏ڕفاندن، دەستدرێژی و ئازاردان دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ سزایەک بۆ ئەنجامدەرانی ‏نییە.‏

ڕاپۆرتەکەی هیومەن رایتس وۆچ لە 86 لاپەڕە و بەناونیشانی “هەمووان دەیانەوێت ‏بمرین: کاری کوشتن، ڕفاندن، سزادان و توندوتیژیی جەستەیی دژی (کۆمەڵگای میم) لە ‏عێراق لەسەردەستی گروپە چەکدارەکان”، بڵاوکراوەتەوە. ‏

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە کوژرانی گەنجە کوردەكەی دهۆك دەكات بەناوی دۆسکی ئازاد ‏لەلایەن براکەیەوە، ڕێکخراوەکە پرسیاری كردووە، ئەندامانی کۆمەڵگای میم چۆن ‏دەتوانن بگەنە مافەکانیان، ئەگەر هیچ لێپێچینەوەیەک لەسەر توندوتیژی و دەستدرێژی و ‏کوشتنیان نەکرێت؟

بەپێی ڕاپۆرتەكەی هیومەن ڕایتس وۆچ، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 54 عێراقی لە ‏‏”کۆمەڵگای میم” ڕووبەڕووی کاری توندوتیژی بوونەتەوە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، ‏هەندێکیشیان ڕووبەڕووی کوشتن بوونەتەوە یان ڕفێندراون و بێسەروشوێن کراون، ‏ئەوەش بەهۆی ناسنامەی جێندەرییانەوە. ‏

ڕێکخراوەکە ئامارە پشتڕاستکراوەکان لە عێراق دەخاتەڕوو و ئاشکرایکردووە،

‏”لەماوەی شەش مانگدا هەشت حاڵەتی ڕفاندن، هەشت حاڵەتی هەوڵدان بۆ کوشتن، چوار ‏حاڵەتی کوشتن بەبێ لێپێچینەوەی یاسایی، 27 حاڵەتی توندوتیژیی سێکسی، 45 ‏هەڕەشەکردن بە دەستدرێژی و کوشتن، 42 حاڵەتی کردنە ئامانج لە ئینتەرنێتەوە لەلایەن ‏گروپە چەکدارەکانی وەک “حەشدی شەعبی”، “عەسائیبی ئەهلی حەق”، “ڕێکخراوی ‏بەدر”، “کەتائیبی حیزبوڵڵا”، “سەرایا سەلام” و “ڕەبعوڵا”وە ئەنجامدراون.‏

هەروەها لەهەر هەشت حاڵەتێک کە گروپە چەکدارەکان و پۆلیس ئەنجامیانداوە، یەکێکیان ‏دژی منداڵان بووە، کە تەمەنیان 15 ساڵی تێنەپەڕاندووە. ‏

هەرچەندە هیومەن ڕایتس وۆچ پێیوایە، ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاترن لەوەی ‏پێیگەیشتوون، لەکاتێکدا ئەنجامدەرانیان ناسراون و هیچ لێپێچینەوە و سزایەکی یاساییان ‏بەرامبەر ناگیرێتەبەر. ‏

ژنێکی عێراقی تەمەن 31 ساڵ، کە ڕەگەزی خۆی گۆڕیوە قسەی بۆ ڕێکخراوەکە ‏کردووە، دەڵێت، کاتێک لەشوێنی کارەکەیەوە لە گەڕانەوەدا بووە بۆ ماڵەکەی لە مانگی ‏شوباتی 2021دا، لەلایەن شەش پیاوەوە لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری “هەمەر” ڕێگەی ‏لێگیراوە، ئەو کەسانە بە گوێزان و شفرەی سەرتاشخانەکان، ئامێری بڕینی بۆریی ئاسن و ‏پلایس هێرشیان کردووەتەسەر، “دوای ئەشکەنجەدان پێنج لیتر بەنزینیان پێداکردم و ‏ئاگریان لەجەستەم بەردا”. ‏

پیاوێکی ناو هەمان کۆمەڵگە چیرۆکی هاوڕێکەی دەگێڕێتەوە کە چۆن بە بەرچاویەوە ‏لەلایەن چوار ئەندامی گروپە چەکدارەکانەوە لە مانگی ئایاری 2020دا کوژراوە و پێنج ‏گوللـەی پێوەنراوە. ‏

ئەندامانی کۆمەڵەکە دەڵێن، لەکاتێکدا لەلایەن ئەندامانی گروپە چەکدارەکانەوە ‏دەستگیردەکرێن، ڕێگریی خواردن و خواردنەوە، خۆشتن و تەوالێت و تەنانەت ‏پەیوەندیکردن بە کەسوکاریان لێدەکرێت، دواتر بەڵێننامەیان پێپڕدەکەنەوە کە هیچ ‏توندوتیژی و دەستدرێژییان بەرامبەر نەکراوە.‏

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بە دۆخەكە لە هەرێمی كوردستانیش كردووە، دەڵێت، لە حوزەیرانی ‏ساڵی 2021دا پۆلیسی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەستگیرکردن و ڕاگرتنی دژی 11 ‏ئەندامی “ڕێکخراوی ڕاسان”، کە ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤە دەرکرد و تاوەکو ‏سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵیش ئەو دۆسییە بە کراوەیی مابووەوە.‏

بەپێی ڕێکخراوەکە، زۆرینەی ئەوانە لانیکەم جارێک ڕووبەڕووی توندوتیژیی زۆر ‏قورس بوونەتەوە، بەهۆی ڕەگەز، ناسنامە و بیروڕایان سەبارەت بە جێندەر، ئەمە جگە لە ‏سزادانیان بە بەندکردن لە ژوورێک بۆ ماوەیەکی درێژ، قەدەغەکردنی خواردن و ئاو، ‏سووتاندن، لێدان، دەستدرێژی و لێدانی کارەبا و هێرشکردن بە چەک.‏

هیومەن ڕایتس وۆچ، حکومەتی عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت لە کۆتاییهێنان بە ڕشتنی ‏خوێنی ئەو کەسانە و دەربازبوونیان لە سزا و لێپێچینەوە، دەڵێت، پێویستە لێکۆڵینەوە ‏لەسەرجەم ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە توندوتیژیی دژی ئەو کەسانە لەلایەن گروپە ‏چەکدارەکان یان هەر کەسێکی دیکەوە بکات.‏

جەختدەکاتەوە، لەسەر حکومەت پێویستە سەرجەم ڕێکارەکان بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن ‏لە سزادان و شاردنەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە، هەروەها قەرەبووی سەرجەم خێزانی ‏قوربانییەکان بکاتەوە.‏

بابەتی پێشتر

ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی: با دادگا "كێشەی" دوا ڕۆژەكانی بابلۆ یەكلابكاتەوە

بابەتی دواتر

سلێمانی.. بەشێک لە شۆفێرانی تاکسی ئاڵوگۆڕی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن بۆ وەرگرتنی بەنزین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share