مامەیارە، گردەكەی ئاگری نەورۆز و فەرماندەكەی سوپای بابان

گردی مامە یارە لە سلێمانی، مێژوویەكی درێژی لەگەڵ جەژنی نەورۆز و كردنەوەی ئاگری ئێوارەی 20/3 هەیە، ناوەی گردەكە لە چییەوە هاتووە و “مامەیارە” كێ بوو؟

گردی مامە یارە، پێشتر ناوی گردی “گولان”، یان “گوڵان” بووە.

پاش ئەوەی فەرماندەیەکی میرنشینی بابان بە ناوی “مامەیارە”وە لەوێ دەنێژرێت، ناوەکەی دەگۆڕدرێت بەمەی ئێستای.

چەند چیرۆکێک لەبارەی ناوی پێشووی گردی مامەیارەوە هەیە، مەبەست “گولان” و “گوڵان”ــە.

بەپێی یەکێک لە گێڕانەوە مێژووییەكان، لە سەردەمێكی زوو، هەموو ئەو كەسانەی لە سلێمانی بە نەخۆشیی “گولی” مردوون، لەسەر ئەو گردە نێژراون، گەرچی ئەم چیرۆکەیان زۆر جێی بڕوا نییە، چونکە بەر لەوەی “پیرەمێرد”ی شاعیر بیکاتە شوێنی ڕێوڕەسمی ئاگری نەورۆز، خەڵکی سلێمانی بۆ سەیران ڕوویان لەم گردە کردووە.

بۆیە بۆچوونەكان بەرەو ئەوەن، ئەگەر گردەكە سەرقەبران بووبێت و قوربانییانی “گولی” لە گردەكە نێژرابن، چۆن پێش ئەوەی ببێتە مەڵبەندی جەژن و ئاگری نەورۆز، خەڵكی سەیرانیان تێداكردووە؟

بەپێی چیرۆکی دووەمیان، خێزانێک، کە نەخۆشیی “گولی”یان هەبووە، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە ڕوویان لە سلێمانی کردووە، بەڵام دانیشتووانی ئەوسای شارەکە نەیانهێستووە خێزانەکە تێکەڵاویان ببن، بۆیە لەسەر ئەو گردە ماونەتەوە و ناونراوە “گردی گولان”.

هەر بەپێی گێڕانەوەكە، پاش ماوەیەک خێزانەکە چاکدەبنەوە، خەڵکی سلێمانیش دەڵێن، “گردی گولان بووە بە گردی گوڵان”.

دواتریش، پاش ئەوەی “مامەیارە”ی فەرماندەی تۆپخانەکانی سوپای میرنشینی بابان لەسەر ئەم گردە دەنێژرێت، ناوەکەی دەگۆڕدرێت بە “گردی مامەیارە” و دواتریش، بە دەستپێشخەریی پیرەمێرد بۆ هاتەهاتەیە دەکرێتە شوێنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و کردنەوەی ئاگر، وەک هێمایەک بۆ نوێبوونەوەی بەردەوام و ساڵانەی نەتەوەی کورد.

“مامەیارە” پێش ئەوەی گرد بێت، فەرماندەی سوپا بووە

بەر لەوەی لە “گردی گوڵان” بنێژرێت و گردەکەی بەناوەوە بکرێت، “مامەیارە” فەرماندەی تۆپخانەکانی میرنشینی بابان بووە.

ساڵی 1850 لە سەردەمی ئەحمەد پاشای باباندا، عوسمانییەکان پەلاماری میرنشینی بابان دەدەن و سوپاکەی ئەحمەد پاشا تێکدەشکێت، بەڵام مامەیارە لە بەرگریی ناوەستێت و چۆکدانادات، تا ئەو کاتەی بە برینداری دەگیرێت و ڕەوانەی ئیستەنبوڵ دەکرێت.

پاش چەند ساڵیک ڕێی پێدەدەن بگەڕێتەوە سلێمانی، ئیدی لە سەرەمەرگیدا داوا دەکات لە گردی “گوڵان” بینێژن، چونکە گردی “سەیوان” ئەو کەسانەی لێنێژراون کە نەیانتوانیوە هاوشانی “مامەیارە” بەرگری لە میرنشینەکە بکەن و لە کاتی پەلامارەکەی عوسمانییەکاندا هەڵاتوون.

پاش ناشتنی ئەم فەرماندەیەی سوپای بابان لەو گردە، ناوەکەی دەبێتە “گردی مامەیارە”.

ساڵی 1925، پاش ئەوەی “پیرەمێرد”ی شاعیر لە تورکیا دەگەڕێتەوە، لەپاڵ دەرکردنی ڕۆژنامەدا، یەکێکی تر لە کارەکانی یادکردنەوەی ساڵانەی جەژنی نەورۆز دەبێت، بۆ ئەم ڕێوڕەسمەش گردی مامەیارە هەڵدەبژێرێت.

لەو ڕێوڕەسمەدا پیرەمێرد، لەپاڵ ئامادەکردنی “یاپراخ” و بەخشینەوەی بەسەر ئامادەبوواندا، 12 سەماوەر وەک ئاماژەیەک بۆ 12 مانگەکەی ساڵ دادەنێت، تاوەکو خەڵکی چای لێ بخۆنەوە، هاوکاتیش سەرجەم قوتابییەکانی خۆی، بە کۆڕ و بە کچەوە، لەو ڕێوڕەسمەدا و لەسەر گردەکە کۆدەکاتەوە.

لەوكاتەوە و تا ئێستا، گردی مامەیارە بووەتە سیمبول و مەیدانی یادكردنەوەی جەژنی نەورۆز و كردنەوەی ئاگر و پێشوازی لە وەرزی نوێی بەهار.

بابەتی پێشتر

ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکانی کلاسیکۆ بەدرێژایی مێژوو

بابەتی دواتر

کلاسیکۆی چاڤی و ئەنچلۆتی بەژمارە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share