سلێمانی.. بكوژی خاوەن خانووەكە دەستگیركرا

تۆمەتباری ڕووداوەكە

دوای ئەوەی دوێنێ كەسێك لە سلێمانی لەناو خانووەكەی خۆیدا كوژرا، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بكوژەكە دەستگیركراوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، دواى ئەوەى دوێنێ 11ی حوزەیران لە شارى سلێمانى هاوڵاتییەک بەناوى (عوسمان حمەسەعید) لە گەڕەکی ڕزگارى کوژرا و ئۆتۆمبێلەكەی لە جۆرى تۆیۆتۆ لاندکرۆزەر ستێشن دزرا، تاوانبارى ڕووداوەكە هەڵهات و ئۆتۆمبێلەكەی بەرەو خوارووى عێراق بردبوو.

دەشڵێت، هێزەکانمان بەسەرپەرشتى دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانى (بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى پارێزگاى کەرکوک، دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق، ژوورى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى بەغداد و فەرماندەیی پۆلیسى پارێزگاى سەڵاحەدین) توانییان ناسنامە و شوێنى دانیشتى تۆمەتبار بەناوى (س.ح.ح.ت.) لەدایکبووى ساڵى 1998 تکریت دەستنیشان بکەن و تاوانبار دەستگیربکرێت و دەستبگیرێت بەسەر ئۆتۆمۆبیلە دزراوەکەدا.

تۆمەتبار ماوەى چەند مانگێکە هاتۆتە شاری سلێمانى و نیشتەجێ بووە، بەردەوام کارى بۆ کوژراوەکە کردووه، دواى ئەنجامدانى تاوانەکەى بە ئۆتۆمۆبیلەکەیەوە بەرەو تكریت هەڵهاتووە، پۆلیسی سلێمانی وا دەڵێت.

ئاماژەشدەدات، تۆمەتباری داواكراو، كە لەماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا دەستگیركرا، بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لە كەیسەكەی بەردەوامە.

پێشتر کەسوکاری ئەو هاوڵاتییە کوژراوە ئاشکرایانكرد، قوربانییەكە “کاتێک سەرقاڵی سەرپەرشتیکردنی نۆژەنکردنەوەی خانوویەکی برایەکی بووە لە گەڕەکی ڕزگاری، لەلایەن چەند کرێکارێکی عەرەبەوە لێدراوە و پاشان موبایلەکەیان شکاندووە و ئۆتۆمبیلەکەشیان دزیووە”.

بابەتی پێشتر

عێراق و تورکیا گفتوگۆکان سەبارەت بە مافە ئاوییەکان دەستپێدەکەنەوە

بابەتی دواتر

لوتكەی حەوت.. ڤاكسین و بوژاندنەوەی ئابوری و ناكۆكییەكان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share