دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا هەریەك لە وەزیری دارایی عێراق و پارێزگاری بانكی ناوەندی بانگێشتی دانیشتنی داهاتووی دادگاكە بكات.
ئەمڕۆ دادگاكە دانیشتنێكی تایبەت بە چاوخشاندن بە سكاڵای پەیوەندیدار بە بەرزكردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و دامەزراندنی سندوقی سامانی سەروەریی ئەنجامدا.
میدیای فەرمیی عێراق بڵاویكردەوە، دادگاكە بانگێشتنامەی ئاراستەی هەریەك لە عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی و مستەفا غالب، پارێزگاری بانكی ناوەندی كردووە بۆ ئامادەبوون لە بەردەم دادگا لە دانیشتنی داهاتوو كە بڕیارە لە 14ی ئەم مانگەدا ئەنجامبدرێت.
ئاماژە بەوەكراوە بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندیی بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی كە لە یاسای بودجەی 2021ی عێراقدا ئەو بڕگەیە جێگیركرا بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی لە لایەن بانكی ناوەندییەوە بە 145 هەزار دینار دەخرێتە بازارەوە.
ماوەیەكە پرسی زیادكردنی بەهای دۆلاری ئەمریكی لە عێراق كە ساڵی ڕابردوو بڕیاری لێدرا، پرسێكی گەرمە و پێشتر ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوونەوەیەكی لەبارەوە ئەنجامدابوو.