دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دەڵێت، “ئەگەر من نەبوومایە ئێستا ناتۆ نەمابوو، سەدان ملیار دۆلارم پێكۆكردنەوە و مووشەكی بەهێزم دەدا بە ئۆكرانیا”.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی جەنگی ئۆكرانیاوە بڵاوكردەوە و سەبارەت بەو هاوكارییە سەربازییانەی كە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ پێشكەشی ئۆكرانیایان دەكەن ڕایگەیاند، “بەهیوام هەمووان ئەوەیان بیربێت، ئەوە من بووم ئەوكاتەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان بووم، ئەندامە متمانەپێنەكراوەكانی ناتۆم ناچاركرد ئابوونە بدەن كە بڕەكەی گەیشتە سەدان ملیار دۆلار”.
ترەمپ نووسیویەتی، “ئەگەر هەوڵی خێرا و یەكلاكەرەوەی من نەبووایە، ئێستا ناتۆ بوونی نەبوو”.
“من مووشەكی زۆر كاریگەری دژەتانكم دەدا بە ئۆكرانیا، بەڵام ئیدارەی پێش من بەتانی دەنارد بۆ ئۆكرانیا”، ترەمپ وای نووسیوە وەك ئاماژەیەك بۆ مووشەكی جافێلین كە دژەتانكە و ئێستا سوپای ئۆكرانیا لەدژی تانكەكانی سوپای ڕوسیا بەكاریاندەهێنێت.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند وڵاتێكی خۆرئاوا هاوكارییە سەربازییەكانیان بۆ ئۆكرانیا زیادكردووە و حكومەتی هۆڵەندا ئاشكرایكرد، بڕیاریداوە 200 مووشەكی جۆری ستینگەر بۆ ئۆكرانیا بنێرێت.