ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵاتدارانی عێراق لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار منداڵیان دەستگیركردووە كە هەندێكیان تەمەنی نۆ ساڵانیان تێنەپەڕاندووە، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نەتەوەیی، بەتایبەتیش گومانكردن لە پەیوەندییان بە ڕێكخراوی داعش.
ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرتێكدا كە نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاویكردووەتەوە هۆشداریداوە لەوەی، دەستگیركردنی منداڵان بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، سەرەڕای كەمبوونەوەی بەرچاوی هێرشەكانی داعش پاش لەدەستدانی زۆرینەی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتیدا بوو بەر لە چوار ساڵ.
“زۆرێك لەو منداڵانە لەسەر بەڵگەی لاواز دەستگیركراون، ڕووبەڕووی ئەشكەنجەدان بوونەتەوە تا دان بە تێوەگلانیان لەگەڵ داعشدا بنێن” لە بەشێكی دیكەیدا وا هاتووە.
دەشڵێت، “بەشێك لە دەستگیركراوەكان وتوویانە وەك چەكدار لەنێو ڕێكخراوەكەدا دیاریكراون، لەكاتێكدا ئەوانی دیكە وەك چێشتلێنەر و شۆفێر كاریانكردووە، یان تەنانەت بۆ تەنها چەند ڕۆژێك بەشداریی ڕاهێنانیان كردووە، هەندێكیشیان باوەڕیانوایە كە دەستگیركردنییان بەهۆی خزمەتكردنێكی ئەندامانی داعش بووە، لەكاتێكدا ئەوانی دیكە وایدەبینن هۆكاری دەستگیركردنیان بوونی كەسی نزیكی پەیوەندیداریانە بە داعشەوە”.
ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس دەشڵێت، “تۆمەتی تیرۆر ئاراستەی سەرجەم ئەو منداڵانە كراوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاستی تێوەگلانیان”.
دووپاتیشیدەكاتەوە، “زۆرینەی تازەلاوەكان وتویانە لێكۆڵەرەكان ئەشكەنجەیانداون تا دانپیادانانیان لێوەرگرن، لەڕێی لێدانیان بە بۆری پلاستیكی یان كێبڵی كارەبایی یان بۆری ئاسن، ئەمەش هەندێكجار بۆ چەند كاتژمێرێك بەردەوامبووە، تا دواجار دانیان بە پەیوەندی بە داعشدا ناوە، دوای ئەوەی گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی هیچ بژاردەیەكی دیكەیان نییە”.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، یاسای نێودەوڵەتی بەسەربازكردنی منداڵان یان بەكارهێنان لەلایەن گروپە چەكدارەكان قەدەغەكردووە، بەڵام عێراق “وەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات، سەرەڕای نەبوونی بەڵگە لەسەر تێوەگلانیان بە تاوانی قورس”.