حزبی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبە نوێیەکەی مەسعود بارزانی، لەبارەی پرسی بەرپرسانی حزبی دیموکرات ڕایگەیاند، “مێژوو دەبێت کەسانی بێلایەن بینوسنەوە”.
حزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ” سەرەتا پێویستە ئەو ڕاستییە بخەینە ڕوو کە شێواندنی مێژوو، و بەلاڕێدا بردنی ڕاستی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە لە هەر لایەکەوە بێت نەک یارمەتی بە مێژوویی واقعی ڕووداوەکان ناکات بەڵکو بەکارێکی ناتەبا لەگەڵ ڕاستی ڕووداوەکان و زیان گەیاندن بە مێژوو دادەنرێت”.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کتێبەکەیدا بەناوی ” بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد” چەند تۆمەتێکی ئاڕاستەی سەرکردە کۆنەکانی حزبی دیموکرات کردووە، سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
حزبی دیموکرات لە وەڵامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ” باسکردن لەم باس و بابەتانەی کە لە کاتی خۆی لە کەشوهەوای نا دۆستایەتییەکاندا وتراون و بڵاوکردنەوەی بە شێوەیەکی تایبەتی و ڕەنگە ئامانجدار، بێجگە لە بریندارکردنەوەی هەستی ڕۆڵەکانی نەتەوی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمێکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە بە تایبەت کە خوێندنەوەکانی بەڕێزیان لەسەر ڕووداوەکان خوێندنەویەکی یەک لایەنە و هەموو تاوانەکانی خستۆتە ئەستۆی حیزبی دیموکرات و پارتی بێ تاوان و بێ هەڵە نیشان داوە کە لانیکەم ئەم چەشنە قەزاوەتە و تا ئەو ڕادەیە دوور كەوتنەوە لە بێ لایەنی و مێژوویی واقعییەتی رووداوەکان لە بەڕێزیان چاوەڕوان نەدەکرا”.
لە وەڵامەکەی حزبی دیموکراتدا هاتووە “بەتایبەت ئەوەی پێوەندی بە سەربەخۆیی سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە کە د.قاسملو پایەدانەری بووە و ئێستاش دڕێژەی هەیە بە سەنەد و مەدرەک و شاهیدی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەر دوو بەشی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان سەلمێندراوە و لە بەرچاوی بیروڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە”.
حزبی دیموکرات بەردەوامیداوە و ڕایگەیاندووە، ” ئێستا لەو بارودۆخەدا چاوەڕوانمان لە دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکرات ئەوەیە کە لەو هەلومەرجە هەستیارەدا بە وشیاری و هەست بە بەرپرسایەتییەوە لەو بابەتە بڕوانن و هەڵسەنگاندنەکان جۆرێک بن کە لە بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و لە قازانجی تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکاندا بشکێتەوە”.