موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامێكی لەڕێگەی تویتەرەوە بڵاوكردەوە و دژایەتیی خۆی بۆ هێرشكردنەسەر ئیمارات لەلایەن گروپە چەكدارە شیعییەكانەوە دەربڕی و بە “تیرۆریست” ناوزەدیان دەكات و داوادەكات عێراق نەخزێندرێتە ئەو شەڕەوە.
لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەڕێگەی تویتەرەوە بڵاویكردەوە، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، “دوای ئەو تیرۆرەی لایەنە چەكدارە تیرۆریستەكان لە عێراق برەوی پێدەدەن لەدژی بەرژەوەندییەكانی گەل و لایەنە سیاسییەكان، بەشێك لە تیرۆریستانی لە یاسادەرچوو خێرا عێراق-یان خزاندە جەنگێكی هەرێمیی مەترسیدارەوە، لەڕێگەی هێرشكردنەسەر وڵاتێكی كەنداو بە پاساوی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل یاخود بە بیانووی جەنگی یەمەن”.
سەدر جەختدەكاتەوە كە بە هەموو شێوەیەك دژی تێوەگلاندنی عێراقە بۆ ناو ئەو جۆرە لە ململانێ، بەڵام لە هەمانكاتدا پشتیوانیی داواكاریی ئەوانە دەكات كە داوای ڕاگرتنی شەڕ لە یەمەن و ڕاگرتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەكەن.
دەشڵێت، “بەڵام ئەوە بە توندوتیژی و كوشتن ناكرێت بەڵكو دەبێت بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بێت”.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوادەكات عێراق نەكرێتە سەكۆیەك بۆ دەستدرێژیكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی و دووپاتیدەكاتەوە، “دەبێت حكومەت بە توندی و جەربەزەییەوە مامەڵە لەگەڵ بكەراندا بكات، بە پێچەوانەوە كەمتەرخەم دەبێت، تەنانەت ڕەنگە بێدەنگبوونەكەی دەرئەنجامی نەخوازراوی لێبكەوێتەوە”.
لە ماوەی ڕابردوودا حوسییەكان و گروپە چەكدارە شیعییەكان دوو هێرشیانكردەسەر ئیمارات و هۆكارەكەیان گەڕاندەوە بۆ بەشداریكردنی ئەو وڵاتە لە شەڕی یەمەن و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا.