8 ڕێگەی کورت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی سۆزداریت

ماڵپەڕی سەکسێس ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بەهێزکردنی پەیوەندیی سۆزداریی خۆشەویستان و هاوسەران بڵاوکردووەتەوە، لە کاتێکدا کە جیهان تازەبەتازە لە کەرەنتینکردن هاتووەتە دەرەوە و هاوسەر و خۆشەویستەکان ماوەی سێ مانگیان تەنها لەگەڵ یەکدیدا بەسەر بردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ژمارەیەک ڕێگای کورت و سادە خراونەتەڕوو بۆ ئەم مەبەستە، تاوەکو پەیوەندییەکە بە بەهێزی بمێنێتەوە و بەهیزتریش بکرێت، لەبری ئەوەی بەرکەوتن و لەیەکساردبوونەوە دروست ببێت. ڕێگاکانیش ئەمانەن:

1. دڵنیا ببەرەوە لەوەی بەباشی قسە لەگەڵ یەکدیدا دەکەن

قسەکردن بڕبڕەی پشتی هەر پەیوەندییەکی سۆزداریی بەهێزە. هەستکردن بە دووری و لاوازی لە پەیوەندییەکەت، بەهۆی نەبوونی قسەکردنی باشەوە سەرهەڵدەدات. باشترین ڕێگەچارەش بۆ پەرەپێدانی قسەکردن لەگەڵ یەکدی، ڕاهێنانە لەسەر گوێگرتن، بەبێ ئەوەی هیچ مەرامێکت هەبێت.

واتە کاتێک قسە لەگەڵ خۆشەویستەکەت دەکەیت، نابێت لە گۆشەنیگای “بردنەوە و دۆڕانەوە” وتووێژ بکەیت، بەڵکو دەبێت ئامانج لێی تێگەیشتنێکی باشتر بێت لە هاوبەشەکەت.

قسەکردن بڕبڕەی پشتی هەر پەیوەندییەکی سۆزداریی بەهێزە

2. ئاگاداری وشەکانت بە

قسەکردن تەنها پەیوەست نییە بەوەوەی گوێ لە بەرانبەر بگریت، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کام وشە بەکاردەهێنیت کاتێک دەکەویتە قسەکردن لەگەڵ بەرانبەرەکەت. هەوڵبدە وشەی “من” بەکاربهێنە و خۆت لە “هەردەم و هەرگیز” دووربخەرەوە.

3. کات دابنێ بۆ قسەکردنی جددی

باشترە کاتێک دابنرێت بۆ گفتوگۆکردنی چڕ و جددی. کاتێک پێکەوە خواردنێکی سوکەڵە یان شیرینییەک پێکەوە دەخۆن، گفتوگۆی چڕ ئەنجام بدەن، تاوەکو زیاتر هەست بکرێت لە ژواندان، وەک ئەوەی تەنها ژەمە خواردنێک بێت و بەس.

دەستنیشانکردنی کاتێک بۆ قسەکردنی جددی یان زۆر بەسادەیی ژوانێکی شەوانە، گرنگە، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ هاوبەشەکەتدا لە ماڵەوە کار دەکەن.

4. سوود لەم کاتە دانسقەیەی ئێستا وەربگرە تاوەکو زیاتر پەیوەستی یەک ببن

هاوبەش و خۆشەویستێکی زۆر بەدەست ئەوە دەناڵێنن کە ناتوانن کات بە پەیوەندییە سۆزدارییەکەیان بدەن، بەڵام لە ئێستادا، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە ماڵەوە کار دەکەن، کاتێکی زۆر هەیە تاوەکو بە یەکدی بدەن و سوودی لێ وەربگرن.

وەک دەرفەتێک لە بارودۆخی ئێستات بڕوانە، بەمەبەستی چڕکردنەوەی سەرنجت لەسەر پەیوەندییەکەت. گرنگی پێبدە و بزانە چۆن کاتەکانت لەگەڵ هاوبەشەکەت بەسەر دەبەیت.

5. چات لەگەڵ ئەندامانی خێزان و هاوڕێکانت بکە

لە ئێستادا لە هەمووان دوورین، نە دەتوانین سەردانی خێزانەکانمان بکەین، نە دەشتوانین لەگەڵ هاوڕێکانماندا بچینە دەرەوە. ئەمەش فشارێکی زۆر دەخاتە سەر خۆشەویست و هاوسەرەکان، بەوپێیەی داخوازیی سۆزداریی زیاتریان لە بەرانبەر دەبێت.

دووری لە خێزان و هاوڕێکان فشارە دەخاتە سەر خۆشەویستەکان

بۆ ئەم مەبەستە هەوڵبدە چات لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەت و هاوڕێکانت بکەیت، تاوەکو ئەو فشارە کەمتر بکەیتەوە و داخوازییە سۆزدارییەکانت لەڕێی ئەوانەوە پڕ بکەیتەوە.

6. دڵنیا ببەرەوە لەوەی هاوبەشەکەت کارەکانی باش بەڕێوەدەچێت

لەپێناو ئەوەی پەیوەندییە سۆزدارییەکەت لەم کاتە نائاساییەدا بە بەهێزی بمێنێتەوە، گرنگە ئاگاداری هاوبەشەکەت بیت و دڵنیا ببیتەوە لەوەی ژیان و کارەکانی بەباشی بەڕێوەدەچن.

لێی بپرسە ڕۆژەکەت چۆن بووە؛ ئاخۆ لە کارەکەی باش بووە، کارەکانی ماڵەوەی بەباشی بەڕێوەبردووە، یاخود چۆن ئاگاداری منداڵەکانی بووە. ئەگەر شتەکان بەباشی نەچووبنەسەر، لەگەڵ هاوسەرەکەت گفتوگۆیان بکە.

7. پێکەوە پلانی داهاتوو دابنێن

لە ئێستادا ژیان وەستاوە و هەموو سەرنجەکان لەسەر داهاتوون. ئاخۆ لە داهاتووی دوورمەودا لەکوێ دەژین؟ دەتەوێت منداڵتان ببێت؟ کارەکەت بەرەوپێش دەڕوات؟ لەگەڵ هاوبەشەکەتدا ئەم پرسیارانە لە خۆتان بکەن و تاوتوێیان بکەن. گوێ لە یەکدی بگرن و بزانە بیرکردنەوە و هەست و ئەزموونی بەرانبەر چۆنە.

8. مەترسە لەوەی گەمژانە مامەڵە بکەیت

ژیان لە بارودۆخێکی سەخت و پڕئازاردایە. بەڵام ئەوە هۆکار نییە خۆشی نەهێنیتە ناو پەیوەندییەکەتەوە. گرنگە هەستی بچووک و ئەرێنی بهێنیتەوە نێوانتانەوە. سادە مامەڵە بکە، عەیب و عارەکانت پیشانی بەرانبەر بدە و سوپاسگوزار بە.

بابەتی پێشتر

ماچکردن لە فیلمە فەرەنسییەکان دەستیپێکردەوە

بابەتی دواتر

سلێمانی.. دانیشتووانی گوندێک 200 ساڵە لە ئاوی کانیاو خوێ بەرهەم دەهێنن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share