ڕووپێوێكی جیهانی كە كۆمپانیایەكی ڕاپرسیی فەرەنسی (ئیبسۆس) ئەنجامیداوە، دەریدەخات 14%ی دانیشتووانی جیهان باوەڕیانوایە لەمساڵدا داگیركارییەكی بوونەوەرە ئاسمانییەكان ڕوودەدات.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی كۆڕبەندی ئابوریی جیهانی بڵاویكردووەتەوە، زیاتر لە كەسێك لە كۆی 10 كەس لە جیهاندا پێشبینی داگیركاری لە بۆشایی ئاسمانەوە دەكەن، بەپێی ڕاپرسییەك كە 22 هەزار كەسی پێگەیشتووی لە 33 وڵاتی جیاوازی جیهان گرتووەتەوە، لەنێو ڕاپرسییەكەدا دەردەكەوێت یەك لەسەر سێی ئەوانەی لە هندستان ڕایان وەرگیراوە، پێشبینی دەكەن لەمساڵدا بوونەوەرە ئاسمانییەكان سەردانیان بكەن.
لەنێو بیروباوەڕەكانی دیكە، 16%ی خەڵكی پێیانوایە ئەگەری هەیە زەوی بەر هەسارەیەكی دیكە بكەوێت، هەروەها 39% پێشبینی ڕوودانی كارەساتی سروشتی لە شارەكانیاندا دەكەن، 34%یشیان بەدووری نازانن چەكی ئەتۆم لە شوێنێكی جیهاندا بەكاربهێندرێت و، 27%یش ترسیان لە سەرهەڵدانی زیرەكیی دەستكرد هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا بواری گەشبینی لە ساڵی 2022دا هەیە، زۆرینەی بەشداربووانی ڕاپرسییەكە باوەڕیانوایە ساڵی نوێ باشتر و زیاتر ئارامبەخش دەبێت لە ساڵی پێشوو، هەروەك یەك لەسەر سێیان باوەڕیان وایە كۆمەڵگا زیاتر لێبوردە دەبێت بەهۆی پەتا جیهانییەكەوە.
ڕاپرسییەكە گەشبینی لەبارەی سەقامگیریی بازاڕی پشكەكان ئاشكرادەكات، هەروەها زیاتر لە نیوەی بەشداربووان باوەڕیانوایە كە 80%ی دانیشتووانی جیهان دەستیان بە لانیكەمی ژەمێك ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا دەگات لە ساڵی 2022دا.