پرتەقاڵییە و لە سپاگێتی دەچێت.. بوونەوەرێكی نوێی ئاوی دۆزرایەوە

توێژەران بە بەردەوامی دۆزینەوەی نوێ لە قووڵایی دەریاکاندا ئاشکرادەکەن کە مایەی سەرسووڕمانن، لە دۆزینەوەیەکی نوێدا لە کاڵیفۆرنیای ئەمریكا، زانایان بوونەوەرێکی شێوە سپاگێتییان دۆزیوەتەوە کە ڕەنگەکەی پرتەقاڵییە و لە قووڵایی دەریادا دەژی.

توێژەرانی پەیمانگای گەڕان بەدوای ژیانی ئاویدا، لە کەنداوی مۆنتێری وێنەی بوونەوەرێکیان تۆمارکردووە کە بە “کرم” ناوی دەبەن و ڕەنگی پرتەقاڵییە و لە سپاگێتی دەچێت.

بوونەوەرە دۆزراوەکە تا ئێستا ناوی نییە، چاو و ڕیشووی نییە کە ڕیشوو لە زۆرینەی گیانەوەرە ئاوییەکاندا بۆ هەناسەدان و وەرگرتنی ئۆکسجین بەکاردەهێنرێت. کرمەکە چنگە ڕەنگاوڕەنگەکانی بۆ گرتن و بەدەستهێنانی خۆراک بەکاردەهێنێت.

زۆرینەی کرمەکان و لەناویشیاندا ئەو کرمە شێوە سپاگێتییە لە دیوار و تونێلەکانی قووڵایی و بنی دەریادا دەژین، ئەم كرمە نوێیەش لە ئاودا مەلەدەکات و بۆ دەستکەوتنی خواردن دەگەڕێت.

توێژەرانی بواری ژیانی ئاوی لە پەیمانگاکە دەڵێن، “هەرچەند دانانی ناوێک بۆ بوونەوەرەکە کارێکی ئاسانە، بەڵام کارەکە کاتێکی زۆری دەوێت و دەبێت نموونەکانی کۆبکرێنەوە و پشکنینە سەرەکییەکانیان بۆ بکرێت، ڕیزبەندیی DNAیان دیاریبکرێت، لەسەر ئەو بنەمایانە ناوێکی زانستی بۆ بوونەوەرەكە دابنرێت”.

باس لەوەش دەکەن، لەگەڵ ئەوەی بە تەواوی دیارییان نەکردووە کرمەکە لە قووڵایی چەنددا دەژی، بەڵام زۆرینەی ئەو توێژینەوانەی کراون لەبارەیەوە دەریدەخەن لە 2000 مەتری ژێر دەریادا دەژی.

بابەتی پێشتر

بەهۆی قەرزارییەوەیە.. گەشت لە زەكەریا عەبدوڵڵا قەدەغەكرا

بابەتی دواتر

هەپەگە ڤیدیۆی چالاكییەك دژ بە بنكەیەكی توركیا لە هەرێم بڵاودەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share