کاروان گەزنەیی لەبارەی بەنزین و غازەوە: سلێمانی كیشوەرێكی دیكەیە؟

کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کێشەکانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو قەیرانانە ساڵانە دووبارە دەبنەوە کە پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، هۆکاری چارەسەرنەبوونیشیان نوقمبوونی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە لە گەندەڵیدا.

کاروان گەزنەیی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا باسی لەوە کرد کە کێشە دووبارە بووەوەکانی سووتەمەنی کە ساڵانە لە وەرزی سەرمادا بەتایبەت سەرهەڵدەدەن بۆ بێپلانیی حکومەت دەگەڕێنەوە، لەکاتێکدا پێشتر چەندین جار دڵنیایی درا لەوەی نەوت دابەشبکەن بەسەر سەرجەم هاوڵاتییاندا و ئەمساڵ کێشەی نەوتی سپی نەمێنێت، بەڵام کێشەکە ئێستاش بەردەوامە.

هەرێمی کوردستان 258 بۆ 260 ملیۆن لیتر نەوتی پێویستە تاوەکو بتوانێت نەوت بگەیەنێتە هەموو ماڵێکی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە کێشەی غاز ئەو پەرلەمانتارە وتی، ئەو بڕە غازەی کە بازرگانییە بە ڕێژەی 30%یە و ئەوەی حکومییە 70%یە، ئەگەر بکرێت بە 10% بۆ 90% لانی کەم بۆ وەرزی سەرما، ئەو کێشەیەی ئێستا لە غازدا هەیە نامێنێت.

کاروان گەزنەیی باسی لە کێشەی بەنزین کرد و هۆکارەکەی بۆ ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران گەڕاندەوە کە بەبیانووی باشکردنی کوالێتی، هاوردەکردنی بەنزینی لە خاڵە سنوورییەکانەوە قەدەغەکرد وتی، “بەو بڕیارە نە کوالێتیی بەنزین چارەسەرکرا و لەگەڵ ئەوەشدا پرسی گرانبوونی سووتەمەنی سەریهەڵدا.

ئاماژەی بەوە کرد، “ئێستا بەبڕی 25 هەزار بەرمیل نەوت پاڵپشتیی کۆمپانیای کار دەکرێت تاوەکو بەنزین لەڕێگەی کۆمپانیای کارەوە بپاڵێورێت و بەرهەمەکەی بدرێت بە هەموو هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو بەنزینە قۆرخکارییەکی ڕوونی تێدایە کە بڕەکەی 950 هەزار بۆ یەک ملیۆن لیتر بەنزینە و تەنها دەیدەن بەو بەنزینخانانەی سەر بە کۆمپانیای کار گروپن”.

سەبارەت بە چارەسەری ئەو کێشەیە دەڵێت، “پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو بەنزینەی لەلایەن کۆمپانیای کارەوە بەرهەمدەهێنرێت کە گومان دەکەین زیاتربێت لە یەک ملیۆن لیتر، وای لێبکرێت بەسەر هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشبکرێت، دەمانەوێت لەوە تێبگەین بۆچی دەبێت ئەو بەنزینەی کار نەدرێت بە سلێمانی؟ ئایا سلێمانی کیشوەرێکی دیکەیە؟”.

جەختیکردەوە، یەک لیتر بەنزینی کار نادرێت بە پارێزگای سلێمانی، تەنانەت لە ناو پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش جیاکاری دەكرێت، باڵەکایەتی و چۆمان و سۆران ئەو بەنزینەیان پێنادرێت، لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دەدرێت بەو بەنزینخانانەی سەر بە کار گروپن.

“پێشتر چەندین جار بە داواکاری و بە پرسیاری ڕووبەڕووش داوای وەڵامی ئەوەمان کردووە بۆچی ئەو بەنزینە نادرێت بە سلێمانی لەگەڵ ئەوەی بەڵێنی چارەسەرکردنیان پێداین؟ بەڵام تائێستا بەردەوامە و سلێمانی لێی بێبەشە”، کاروان گەزنەیی وادەڵێت.

 

 

بابەتی پێشتر

وەزیرێكی بەریتانی دەڵێت بەهۆی مسوڵمانبوونییەوە لابراوە و سەرۆك وەزیران فەرماندەكات لێكۆڵینەوە بكرێت

بابەتی دواتر

ڕاپرسییەك: 14%ی خەڵك پێشبینی داگیركردنی زەوی دەكەن لەلایەن بوونەوەرە ‏ئاسمانییەكانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات

بڕیاره‌ سبه‌ینێ، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتی به‌سه‌رپه‌رشتی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامبدات.…
Total
0
Share