فراکسیۆنە کوردییەکان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای قەرزکردن مەرجیان هەیە

هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

پەرلەمانتارێكی كورد ڕایدەگەیەنێت، بە مەرجی ئەوە دەنگ بە پرۆژەیاسای پڕكردنەوەی کورتھێنانی دارایی دەدەین کە پشکی ھەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکەدا جێگەی بكرێتەوە.

شیروان میرزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، بە مەرجی ئەوە دەنگ بە پرۆژەیاسای پڕكردنەوەی کورتھێنانی دارایی (قەرزکردن) دەدەن کە پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا، دەستەبەربکرێت.

شیروان میرزا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەیەک لایەنی سیاسی بەرھەڵستی لە ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان دەکەن بە بیانووی ئەوەی گوایە ھەرێم پابەندنییە بە ڕادەستکردنی نەوت و داھاتی دەروازە سنوورییەکان بە حکومەتی عێراق.

وتیشی، ئەو لایەنانە “هەوڵدەدەن بڕگەیەک لە پڕۆژەیاساكەدا زیادبکەن کە ھەرێمی کوردستان پابەنددەکات 480 ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەگەڵ داھاتە نانەوتییەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات، ئەوەیش لە بەرامبەر پێدانی شایستە داراییەکانی ھەرێم” كە بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە “ناواقعییە و قابیلی جێبەجێکردن نییە، جگە لەوەیش درز دەخاتە نێوان ھەردوولا”.

ناكۆكییەكان لەسەر ناوەرۆكی پرۆژەیاساكە لەكاتێكدایە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت.

دوێنێش هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی تایبەت بە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرزكردن)، لەسەر پشکی هەرێم، مادەی پێنج بڕگەی دوو، ناکۆکیەکی توند دروستبوو.

وتیشی، “زۆرێک لە کوتلەکان لەبەرئەوەی هەرێم لە ڕابردوودا هیچ ئیتیزامێکی نەکرد ئامادەنین ئەو بڕگەیە بمێنێتەوە و ئێمەش داکۆکیمان لە مانەوەی بڕگەکە کرد”.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای گفتوگۆیەکی فراوان لە نێوانماندا هەموارێکیان هێنا کە ئێمە سەرنجمان لەبارەیەوە هەبوو، داوامانکرد کۆبوونەوەکە بخرێتە سبەی. جەخت لەوەشدەكاتەوە كە “مەسەلەی پابەندبوون یان نەبوونی هەرێم لە نێوان هەردوو حکومەتی بەغداد و هەولێر دایە و ئەرکی ئێمە یاسادانانە دەبێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەو ناکۆکیە بەدوربگرین”.

حكومەتی هەرێم چاوەڕوانی گەیشتنی 320 ملیار دینارەكەی پشكی هەرێمە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ دەستكردن بە دابەشكردنی موچە، حكومەتی عێراقیش چاوەڕوانی پەسەندكردنی پرۆژەیاسای قەرزكردنە تا موچەی فەرمانبەرانی بدات كە دوو مانگە بەهۆی كەمی سەرچاوەكانی داهاتەوە دواكەوتووە.

بابەتی پێشتر

خاوەن درێژترین ماوەی سەرۆكایەتی حكومەت لە جیهاندا كۆچی دوایی كرد

بابەتی دواتر

جیهان 70 ڕۆژى مەترسیدارى لە پێشە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەنجێك لە دهۆك كوژرا

لە دهۆك گەنجێك لەلایەن كەسێكی نزیكی خۆیەوە كوژرا. رووداوەكە شەوی رابردوو لە گەڕەكی ماڵتای شاری دهۆك بووە و…
Total
0
Share