زانیاری لەبارەی زیانەکانی بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 10ی تشرینی دووەم کاتژمێر 2:18 خولەکی بەرەبەیان، بومەلەرزەیەک چەند ناوچەیەکی پارێزگای سلێمانی هەژاند، زیانی مادی بە چەند بینایەکی بەڕێوبەرایەتییەکانی قەزای چەمچەماڵ گەیاندووە.

ڕەمەک ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بەهۆی بومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووەوە زیان بەر چەند بینایەکەی قەزای چەمچەماڵ کەوتووە، کە چەند درزێک بووە لە بیناکاندا و بەم بومەلەرزەیەی ئەمڕۆش درزەکان گەورەتر بوون و پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە”.

قائیمقامی چەمچەماڵ ئاشکرایکرد ئەو بینایانەی زیانیان پێگەیشتووەتەوە بینای هۆڵی ڕۆشنبیری و نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو و بینای تاپۆی قەزای چەمچەماڵن، هۆکاری زیانەکانیش پەیوەندی بە بومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردو و کۆنی بیناکانەوە هەیە”.

هاوکات ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوبەری ناحییەی بازیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “هیچ هاوڵاتییەک ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە کە زیان بەر ماڵ و شوێنەکانیان کەوتبێت و پێناچێت بومەلەرزەکە لە بازیان هیچ زیانێکی هەبووبێت”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4،7 هەندێک ناوچەی سلێمانی هەژاندووە.

بەپێی نەخشەی چاودێریکردنی ناوەندەکان بومەلەرزەکە 4،7 بووە بە پلەی ڕێختەر و چەقی بومەلەرزەکە لەنێوان هەردوو ناحیەی تاسڵوجە و بازیان لە باکووری خۆرئاوای سلێمانی بووە، کە بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە ناخی زەوییەوە سەرچاوەی گرتووە.

دانیشتووانی هەریەک لە سلێمانی، تاسڵوجە، بازیان، تەکیە، چەمچەماڵ، عەربەت، زەڕایەن و حاجیاوا هەستیان پێکردووە.

بابەتی پێشتر

پرۆژەیاسایەک بۆ بەتاوان ناساندنی سوکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام پێشكەشدەكرێت

بابەتی دواتر

لەسەر پشكی هەرێم كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كێشەی تێكەوت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share