لەسەر پشكی هەرێم كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كێشەی تێكەوت

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران

پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغداد ڕایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی بەهۆی بڕگەی تایبەت بە پشکی هەرێم لە پرۆژەیاسای قەرزدا ناكۆكی توند دروستبوو.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 10ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی تایبەت بە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرز)، لەسەر پشکی هەرێم، مادەی پێنج بڕگەی دوو، ناکۆکیەکی توند دروستبوو.

هۆشیار عەبدوڵا لە پەیجی خۆی نوسیویشیەتی، “زۆرێک لە کوتلەکان لەبەرئەوەی هەرێم لە ڕابردوودا هیچ ئیتیزامێکی نەکرد ئامادەنین ئەو بڕگەیە بمێنێتەوە و ئێمەش داکۆکیمان لە مانەوەی بڕگەکە کرد”.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای گفتوگۆیەکی فراوان لە نێوانماندا هەموارێکیان هێنا کە ئێمە سەرنجمان لەبارەیەوە هەبوو، داوامانکرد کۆبوونەوەکە بخرێتە سبەی. جەخت لەوەشدەكاتەوە كە “مەسەلەی پابەندبوون یان نەبوونی هەرێم لە نێوان هەردوو حکومەتی بەغداد و هەولێر دایە و ئەرکی ئێمە یاسادانانە دەبێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەو ناکۆکیە بەدوربگرین”.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، “ئەگەر حکومەتی هەرێم لەبواری داهاتی نەوت یان داهاتەکانی تر ئیلتیزامی بکردایە، ئەوا پشکی زیاتری لە 320 ملیاری مانگانە پێدەگەیشت، ئێمەش ئاوا ئیحراج نەدەبوین”.

دوێنێ هۆشیار عەبدوڵا ڕایگەیاندبوو كە لە کۆبونەوەكەی لیژنەی دارایی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران بەڵێندرا تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یاسای قەرز لە پەرلەمان پەسەندبکرێت.

ئەوەشی وت، پەسەندکردنی یاسای قەرز بە مەرجی ئەوەیە لە ئەمڕۆوە حکومەتی مستەفا کازمی بەو داهاتەی لەبەردەستیدایە، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ڕابردوو بکات و لە کۆتایی ئەم مانگەشدا موچەی ئەم مانگە دابەشبکات و کۆتایی بە دواکەوتنی موچە بهێنێت.

بابەتی پێشتر

زانیاری لەبارەی زیانەکانی بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ

بابەتی دواتر

بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بەبۆنەی کۆچی دوایی قادری حاجی عەلییەوە بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share