ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشكرایانكرد، بە فەرمانی بەرپرسی داواکاریی گشتیی پارێزگای سنە، زارا موحەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی، بانگکراوەتەوە تا پێنج ساڵ سزای زیندانییەکەی تەواوبکات.
بانگکردنەوەی زارا موحەمەدی دوای ئەوە دێت، کە داواکاریی گشتیی سنە، ئەو ماددەیەی ڕەتکردووەتەوە، کە ڕێگا بە ئازادبوونی بەمەرجی زارا دەدات.
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، دەبێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەبێت ئەو چالاکوانە کوردە خۆی ڕادەستی دادگا بکاتەوە.
هاوکات ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستگرام، لەگەڵ پشتراستکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاندووە، “سەرجەم نەتەوەی کورد ڕایدەگەینین کە پاش گرتنەبەری هەموو ڕێگا بەناو یاساییەکان لە قۆناغەکانی دادگای سەرەتایی، دادگای پێداچوونەوە، دیوانی باڵا و مادەی 477 بۆ ڕێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئازادبوون، نادادپەروەرانە و بێبەڵگەی 5 ساڵ زیندانی سەپاو بەسەر خاتوو زارا موحەمەدی، دیسانەوە ئەو حوکمە لەلایەن بەرپرسی گشتیی داواکاری گشتیی پارێزگای سنەوە داسەپاوە و سەرەڕای دیاریکردنی ماوەیەکی کورت بۆ خۆڕادەستکردنی خاتوو زارا، حوکمی دیارکراو ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردنی حوکمەکانی دادگا کراوە”.
زارا موحەمەدی تەمەن 30 ساڵ و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین، ساڵی 2019 دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان، هاوکات لەگەڵ دوو کەسی دیکەی ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین دەستبەسەرا و دوای شەش مانگ، بە دانانی بارمتەی 700 ملیۆن تمەن بەشێوەی کاتی تا ڕاگەیاندنی حوکمەکەی ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی هەنگاو، “ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی، بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپابوو، دەرچوونی سزای 10 ساڵ زیندانی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە کاتێکدایە کە زارا محەمەدی تەنیا ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجومەنەی لە هەموو تۆمەتەکان بە بێتاوان ناساندبوو”.
ئەو سزایە هەمان ساڵ لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “مستەفا تەیاری” بۆ پێنج ساڵ زیندانیكردن کەمکرایەوە.
زارا موحەمەدی پێشتر بە زمانی كوردی وانەی وتبووەوە، نیگەرانیی دەسەڵاتداران لەوەیە كە بە زمانی دایك وانەی وتووەتەوە، تۆمەتەكانی دیكەی بۆ پاساوهێنانەوەیە بۆ دەستگیركردنەكەی.