دووانەیەك لە دوو ساڵدا لەدایكبوون

خوشك و برایەكی دووانە لە ماوەی 15 خولەكدا لەدایكبوون، بەڵام یەكێكیان ساڵی 2021 و ئەوی تریان ساڵی 2022.

دایكەكە ناوی فاتمە مادریجال تروجیلۆیە و دانیشتووی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكایە، شەوی سەری ساڵ لە ماوەی 15 خولەكدا دووانەیەكی بوو، وەك گۆڤاری پیپڵ بڵاویكردەوە.

ئەو نەخۆشخانەیەی دوو منداڵەكە تیایدا لەدایكبوون، لە تویتەر هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، پێشوازییان لە هاتنەبوونی ئایلین یۆلاندا تروجیلۆ كردووە وەك یەكەم منداڵی ساڵی 2022، بەڵام ئەلفرێدۆ ئەنتۆنیۆ تروجیلۆی برای 15 خولەك پێش ئەو لەدایكبووە و بەدیاریكراوی كاتژمێر 11:45 خولەكی شەوی 31ی 12ی 2021 لەدایكبووە.

كارگێڕیی نەخۆشخانەگە ڕایگەیاندووە، ڕووداوەكە كەموێنەیە و ئەو دوو منداڵە لە ڕۆژ و مانگ و ساڵی جیاوازدا یادی لەدایكبوونیان دەكەنەوە. دایكەكەش دەڵێت، “بابەتێكی باوەڕپێنەكراوە، منداڵەكانم دووانەن، كەچی ئاهەنگی یادی لەدایكبوونیان جیاوازدەبێت”.

پێشتر و لە ساڵی 2019دا دووانەیەك لەداكبووبوون كە نەك تەنها ڕۆژ و مانگ و ساڵی لەدایكبوونیان جیاوازبوو، تەنانەت لە دوو دەیەی جیاوازیشدا هاتنەبوون، چونكە یەكێكیان لە كۆتا شەوی ساڵی 2019 و ئەوی تریشیان دوای 30 خولەك و لە بەرەبەیانی 1ی كانوونی دووەمی 2020دا لەدایكبووبوو.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەمریکا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە منداڵان قەدەغەدەکات

لە ئەمریکا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە منداڵانی تەمەن خوار 17 ساڵان قەدەغەدەکرێت. ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی فلۆریدا پرۆژە یاسایەکی…
Total
0
Share