بەهۆی ئۆمیكرۆنەوە هەزاران گەشتی ئاسمانیی سەری ساڵ هەڵوەشێندرانەوە

هەزاران گەشتی دیكەش دواخران

زیاتر لە 6300 گەشتی ئاسمانی لە جیهاندا لەماوەی پشووی بۆنەكانی سەری ساڵ لە ‏كۆتایی هەفتەدا هەڵوەشێندرانەوە و هەزاران گەشتی دیكەش دواخران، وەك ئەوەی ‏ماڵپەڕی (فلایت ئەوێر)ی تایبەت بە گەشتەكان بڵاویكردووەتەوە، لەكاتێكدا بڵاوبوونەوەی ‏گۆڕاوی ئۆمیكرۆن ناسەقامگیریی لە گەشتەكاندا دروستكردووە و كاریگەریی لەسەر ‏ملیۆنان كەس دروستكردووە.‏

لە ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشبینی دەكرێت خراپیی دۆخی كەشوهەوا ببێتە هۆی دووهێندە ‏تێكچوونی ئەو دۆخەی فڕۆكەخانەكانی ڕۆژئاوای وڵاتەكەی گرتووەتەوە.‏

ماڵپەڕی (‏Flightaware.com‏) بڵاویكردەوە، نزیكەی 2800 گەشتی ئاسمانی لە جیهاندا ‏تەنها ڕۆژی شەممە هەڵوەشێندراونەتەوە، لەنێویاندا زیاتر لە 970 گەشتیان هاتن یان ‏چوون بوون بۆ فڕۆكەخانەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان، ژمارەی گەشتە دواخراوەكانیش ‏گەیشتوونەتە هەشت هەزار.‏

ڕۆژی هەینیش نزیكەی 2400 گەشت هەڵوەشێندرانەوە، هەروەها دواخستنی نزیكەی 11 ‏هەزار گەشت ڕاگەیەندرا. ‏

ماڵپەڕەكە ڕەتكردنەوەی زیاتر لە 900 گەشتی بڕیاردراوی ڕۆژی شەممەشی ‏تۆماركردووە.‏

لەلایەن فڕۆكەوان و پێشوازیكاران و فەرمانبەرانی دیكەوە داوای مۆڵەتی نەخۆشییان ‏كردووە، یان ناچاربوون خۆیان كەرەنتین بكەن دوای تیكەڵبوونیان لەگەڵ تووشبووان بە ‏كۆرۆنا، یان تووشی پەتاكە بوون، ئەمەش كۆمپانیاكانی (لوفتهانزا، دەلتا، یونایتد ئێرلاینز ‏و جێت بلو) و ژمارەیەكی زۆری دیكەی كۆمپانیاكانی فرۆكەوانی، كە بەدەست كەمی ‏فڕۆكەوان و كارمەندانیانەوە دەناڵێنن، ناچاركردووە گەشتەكانیان لەم ماوەیەی ساڵدا، كە ‏گەشتكردن دەگاتە ترۆپك، هەڵبوەشێننەوە.‏

كۆمپانیای یونایتد ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، “بەرزبوونەوەی ژماری ‏تووشبووان بە ئۆمیكرۆن لەسەر ئاستی وڵات كاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ‏تیمەكانمان و ئەو كەسانەی كاروبارەكانمان بەڕێوەدەبەن”.‏

بۆیە كۆمپانیاكە وتی، “بەو هۆیەوە بەداخەوە ناچاربووین بە هەڵوەشاندنەوەی بەشێك لە ‏گەشتەكان و ئاگاداركردنەوەی خوازیارانی گەشتەكان بەر لە هاتنیان بۆ فڕۆكەخانە”.‏

بابەتی پێشتر

ڕووداوێكی خۆكوژی لە ئاهەنگێكی كریسمسدا كوژراو و برینداری لێكەوتەوە

بابەتی دواتر

كتێبی (نیوەڕێ) بڵاوكرایەوە.. تایبەتە بە کۆچ و نەهامەتییەكانی گەیشتن بە ئەوروپا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share