دەنگی تەپڵی شەڕ دێت.. ناتۆ هۆشداریدەداتە ڕوسیا

سەربازانی سوپای ڕوسیا

سەرۆكی هاوپەیمانیی ناتۆ هۆشداریدەداتە ڕوسیا لەبارەی هەر “كارێكی دوژمنكارانە” پاش كۆكردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەسەر سنوورەكانی ئۆكرانیا.

لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەكی زۆر و نائاسایی هێزەكانی ڕوسیا لەسەر سنوورەكانی ئۆكرانیا كۆكراونەتەوە.

ینس ستۆلتنبێرگ، سەرۆكی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەپاش كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا وتی، “هەر ئیستفزاز یان كارێكی دوژمنكارانەی دیكە لەلایەن ڕوسیاوە دەبێتە سەرچاوەی نیگەرانیی مەترسیدار. داوا لە ڕوسیا دەكەین شەفاف بێت لەوەی پەیوەندی بە چالاكییە سەربازییەكانییەوە هەیە”.

هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەوروپا و فەرەنساش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نیگەرانیی خۆیان لە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی ڕوسیا لەسەر سنوورەكانی ئۆكرانیا دەربڕی، ئەڵمانیاش ئەمڕۆ داوای “دان بەخۆداگرتن”ی لە مۆسكۆ كرد.

وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەرلین وتی، پێویستە ڕێگری لە ڕوودانی بارگرژیی سەربازی بكەین، سەرەڕای دانبەخۆداگرتن داواشی لە ڕوسیا كرد “بگەڕێتەوە بۆ مێزی گفتوگۆ”.

لە ساڵی 2014 ڕوسیا نیمچەدوورگەی قرم-ی ئۆكرانی خستەسەر وڵاتەكەی، بەهۆیەوە ئۆكرانیا ململانێی چەكداری لەگەڵ جوداییخوازەكانی سەر بە ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكەی دەستپێكرد. هەروەك كیێف و ڕۆژئاوا ڕوسیا بە پشتیوانیكردنی جوداییخوازەكان لەڕووی سەربازی و داراییەوە تۆمەتباردەكەن، بەڵام مۆسكۆ ڕەتیدەكاتەوە.

ستۆلتبێرگ ئاماژەی بەوەشكرد، هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی “بەوردیی چاودێری ڕەوشەكە” دەكات، دووپاتیشیكردەوە هاوپەیمانییەكەیان خستنەپاڵی نیمچەدوورگەی قرم بۆسەر ڕوسیا بە “نایاسایی” ناودەبات.

ئەوەشی وت، سەرجەم وڵاتانی ئەندامی ناتۆ “بەیەك دەنگ هەڵسوكەوتەكانی ڕوسیا ئیدانە دەكەن”.

بابەتی پێشتر

بەریتانیا تەقینەوەكەی لیڤەرپوڵ بە "تیرۆریستی" ناودەبات

بابەتی دواتر

"کوژرانی دوو بەندکراوی خەڵکی نەغەدە لەژێر ئەشکەنجەدا" بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share