ئەمڕۆ یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی كۆببنەوە، بەشداریی كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق، چارەنووسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان تاوتوێدەكەن.

هەفتەی ڕابردوو سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتییەوە بە تۆری میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە و چەند پرسێكی تایبەت بە عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێدەكەن.

كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكە ئەمڕۆ یەكشەممە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، شاندە چاوەڕوانكراوەكەی پارتی لەلایەن فازڵ میرانییەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت، لەلایەن یەكێتیشەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكایەتیی شاندەكە دەكرێت.

پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و بەشداریی كورد لە حكومەتەكە، هەروەها بەركەوتەی كورد لە پۆستە باڵاكان، بەتایبەت سەرۆك كۆمار، ئەو پرسانەن كە دەكرێت ببنە جێی گفتوگۆ، یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێتەوە، پارتیش چەند جارێك باسی لە ئەگەری بوونی كاندید كردووە بۆ پۆستەكە.

بۆ هەرێمی كوردستانیش زیاد لە پرسێك هەن دەكرێت ببنە جێی گفتوگۆ، لە نمونەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و شێوازی هەڵبژاردنەكە، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب، پرسەكانی تایبەت بە حكومەتی هەرێم.

لەماوەی نزیكەی دوو مانگدا ئەوە دووەمجارە شاندی پارتی سەردانی یەكێتی بكەن، لە 18ی مانگی تشرینی یەكەم شاندێكی پارتی هاتە سلێمانی و لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كۆبوونەوە.

بابەتی پێشتر

نمایشكردنی فیلمێكی ڕۆژئاوا لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی ڕاگیرا

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە بێگومانە لە نوێكردنەوەی بۆندی دێمبیلی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share