نمایشكردنی فیلمێكی ڕۆژئاوا لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی ڕاگیرا

لە ڕۆژئاوای كوردستان بەرهەمهێنراوە و باس لە بەرگرییەكی ناوشار لە ‏باكووری كوردستان دەكات

فیلمێك، كە لە ڕۆژئاوای كوردستان بەرهەمهێنراوە و باس لە بەرگرییەكی ناوشار لە ‏باكووری كوردستان دەكات، لەلایەن ڕێكخەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی ‏ڕاگیرا، ستافی فیلمەكە هۆكارەكەی بۆ دەستێوەردانی سیاسی دەگەڕێننەوە، ڕێكخەرانیش ‏هۆكارێكی دیكە باسدەكەن.‏

بڕیاربوو كاتژمێر 10:00ی شەوی ڕابردوو فیلمی (ژ بۆ ئازادیی) لە دووەمین ڕۆژی ‏فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانیدا نمایشبکرێت، بەڵام بەگوێرەی ستافی فیلمەکە، کە فیلمێکی ‏درێژی کوردییە و باس لە بەرخۆدانی سووری ئامەد دەکات لە شەڕی ناوشار لە باکووری ‏کوردستان، لەلایەن ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکەوە نمایشکردنی فیلمەکە ڕاگیراوە.‏

ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە پاساوی “هونەری” بۆ ڕێگریكردن لە فیلمەکە دەهێننەوە، بەوەی ‏کە فیلمەکە ساڵی 2019 بەرهەمهاتووە و ئەمانیش بڕیاریانداوە تەنها فیلمەكانی 2020 ‏بەرەو سەرەوە نمایشبكەن، بەڵام هەر لە کارنامەی فێستیڤاڵەکەدا دوو فیلمی دیکە دانراون، ‏کە یەکێکیان بەرهەمی 2014یە و ئەوی دیکەش بەرهەمی 2019یە و نمایشدەکرێن.‏

دانەر عومەر، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لەبارەی ڕاگرتنی ئەو ‏فیلمەوە ڕاگەیاندووە، “بڕیارمانداوە هەر فیلمێک بەرهەمی ساڵی 2020 بەدواوە بێت لە ‏فێستیڤاڵەکە نمایشی بکەین، بەڵام فیلمی (ژ بۆ ئازادیی) ساڵی 2019 بەرهەمهاتووە، ‏ئەوەش وایکردووە ڕەخنە بێتە سەرمان”.‏

ئاژانسی ڕۆژنیوزی نزیك لە پەكەكە لە زاری بەڕێوبەری فێستیڤاڵەکە جەختیشیکردەوە، ‏فیلمەکە “ئاستەنگ ناکرێت بەڵکو تەنها نمایشکردنی دوادەخرێت”.‏

فیلمی (ژ بۆ ئازادیی) بەرهەمی کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستانە و ئەرسین چەلیک ‏کاری دەرهێنانی بۆکردووە، ماوەی فیلمەکە 142 خولەکە و باس لە بەرخۆدانی سووری ‏ئامەد دەکات لەماوەی شەڕی ناوشار لە باکووری کوردستان.‏

ستافی بەرهەمهێن دواخستنی نمایشی فیلمەکەیان بە “سیناریۆ” لەقەڵەمدەدەن و پێیانوایە، ‏هۆکاری سیاسیی لەپشت ئاستەنگکردنی نمایشی فیلمەکەوە هەیە.‏

بەڵام دانەر عومەر ئەو زانیارییە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، “بەهیچ شێوەیەک هۆکاری ‏سیاسیی لەپشت دواخستنی نمایشی ئەو فیلمەوە نییە”.‏

بابەتی پێشتر

کۆتا ڕستەی پێش مردن

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

براوەکانی گۆڵدن گڵۆب کێن؟

ئاهەنگی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب لە هۆڵیود بۆ ئەمساڵ کێبڕکێیەکی توندی بە خۆوەبینی لەنێوان بەرهەمە هونەرییە جۆراوجۆرەکان و زیاتر…
Total
0
Share