وێنە و زانیاری.. ئاڵاكانی كوردستان لە دیرۆكەوە بۆ ئێستا

ئاڵا، پەرچەم و بەیداخ سێ وشەی هاوواتای كوردین كە گوزارشت لە هێمایەكی شوناسی نەتەوە، وڵات یاخود گروپێك دەكەن و ماوەی زیاتر لە 2700 ساڵە بەرزدەكرێتەوە.

مێژووی سەرهەڵدان و شەكانەوەی ئاڵا بۆ سەردەمێکی کۆن دەگەڕێتەوە، گروپ و لەشكر و گەلان لە شەڕدا بەرزیانكردووەتەوە و هەر لەشكرە و بە پەرچەمەكەیدا ناسراوەتەوە. بەڕوونی دیارنییە یەکەم جار کێ ئاڵای داهێناوە، بەڵام بەشێك لە سەرچاوە مێژووییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی چین و هیندییەكان سەرەتا ئاڵایان داهێناوە و لەوێوە بیرۆكەكە بۆ شوێنانی تری جیهان گواستراوەتەوە.

زانستی ئاڵا “ڤێكسیلۆلۆجی”

ئاڵا زانستێكی تایبەت بەخۆی هەیە كە ناوی “ڤێكسیلۆلۆجی”یە و لە وشەی ڤێكسیلۆم-ی لاتینییەوە وەرگیراوە كە بە مانای ئاڵا دێت، ئەم زانستە لێكدانەوە و ڕاڤە بۆ هێما و ڕەنگەكانی سەر ئاڵاكان دەكات و ئاماژە و پەیامی دیاریكراوی بۆدەستنیشانكردوون، بۆ نموونە سوور ئاماژەیە بۆ شەڕ، خوێن، قوربانیدان، ئازایەتی و بەرگری، لەكاتێكدا سەوز هێمای ژیان و وڵات و پاراستنە و شین نیشانەی ئازادی و ئاوەدانییە و سپیش هێمای ئاشتی و ئارامییە.

ئاڵای كورد و كوردستان

یەكەم ئاڵای تایبەت بە كورد دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مادەكان كە 700 ساڵ بەر لە زایین بووە، دواتر كاوەی ئاسنگەر لەكاتی هەڵگیرساندنی شۆڕشەكەیدا ئاڵایەكی هەڵگرتووە و بەدەم هەڵكردنی ئاڵاكەوە هێرشیبردووەتەسەر زوحاكی ستەمكار، ئاڵاكەی كە دواتر بە ئاڵای کاویانی و هەروەها كاوەیی ناسرا، لە چەرمێکی سوور دروستكرد كە چەند هێما و وێنەیەكیشی لەسەر نەخشێندرابوون.

ئاڵای كاویانی (كاوەیی)

جگە لە هەردوو ئاڵای مادەكان و كاویانی، كورد لە قۆناغەكانی دواتر چەندین ئاڵای داهێناوە و هەڵیكردوون، لەوانە ئاڵاكانی: دەوڵەتی ئەیوبی، دەوڵەتی زەند، ئاڵای میرنشینەكان، ئاڵای ڕاپەڕینی قوچگیری، ئاڵای حكومەتی كوردستانی باشوور لە ساڵی 1922دا، ئاڵای كۆماری ئارارات 1927-1930، ئاڵای كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە ساڵی 1946 و ئاڵای ئێستای كوردستان.

ئاڵای كۆماری ئارارات

ئەم ئاڵایەی ئێستای كوردستان كە لە هەرێمی كوردستان ئاڵای فەرمییە، لە چوار ڕەنگی سوور، سپی، زەرد و سەوز پێكدێت. ئاڵاكە لاكێشەییە و بۆ سێ بەش دابەشكراوە كە ڕەنگی سوور بەشی سەرەوەی گرتووە و هێمایە بۆ خوێنی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادیی كوردستان، سپی هێمایە بۆ ئاشتی و سەوز ئاماژەیە بۆ ژیان و سروشتی كوردستان، خۆرێكیش لە ناوەڕاستی ئاڵاكەدا نەخشێندراوە كە ئاماژەی ڕۆژ و ڕووناكی و وزەیە و 21 تیشكی هەن كە هێمان بۆ 21ی ئازار سەری ساڵی كوردی و دەستپێكی وەرزی بەهار.

پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2009دا، 17ی كانونی یەكەمی هەموو ساڵێكی بە “ڕۆژی ئاڵا” دەستنیشانكرد و ساڵانە لەم ڕۆژەدا چین و توێژە جیاجیاكانی باشووری كوردستان، بە ڕێوڕەسمی ئاهەنگئامێز یادی ڕۆژەكە دەكەنەوە و ئاڵا بەرزڕادەگرن.

ئاڵای میرنشینی سۆران
ئاڵای كۆماری كوردستان (مەهاباد)
بابەتی پێشتر

پارێزگاری هەولێر هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

بابەتی دواتر

کەشناسی هەرێم ئاستی بارانبارینی 24 کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share