بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ بەشێک لە هاوڕێیانی مام جەلال کۆبووەوە، ستایشی خەباتی ئەوانی لە سەرخستنی شۆرشدا کرد و ڕایگەیاند، “لەئاست قوربانیدانەکانتاندا بەڵێندەدەین یەکێتیی ناو یەکێتی بپارێزین و پەند لە ڕێبازەکەی مام وەربگرین”، دووپاتیشیكردەوە، حزب بكاتە ئامرازی خزمەتکردنی خەڵک.
لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر چاویکەوت بە ژمارەیەک لە تێکۆشەران و هاوڕێیانی سەرۆک مام جەلال.
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە ڕۆڵ و پێگەی ھاوڕێیانی سەرۆک مام جەلال کردەوە، لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی گەلی کورد و سەرخستنی شۆڕی نوێ.
ڕاشیگەیاند، “ئێوەی تێکۆشەران سەرمایەیەکی گرنگ و بەنرخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و ماندووبوون، خەباتتان جێگای ستایشی بەردەواممانە و ڕابردووتان جێگای شانازییە، نەک ھەر بۆ خۆتان، بەڵکو بۆ یەکێتیش، بۆیە ئێمە ئەرکمانە خزمەتتان بکەین و وەفاداری خەباتی ئێوە بین”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەئاست قوربانیدانەکانتاندا بەڵێن دەدەین یەکێتیی ناو یەکێتی بپارێزین و پەند لە ڕێبازەکەی مام وەربگرین بۆ گەشەپێدانی یەکێتی و ڕاستکردنەوەی ھەڵە و کەموکوڕییەکان”.
هەروەها بەڵێنیدا، نەھێڵن یەکێتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی بەکاربھێنرێت و دووپاتیکردەوە، ئێستا یەکێتی یەکێتیی مام، تێکۆشەران، پێشمەرگەی دێرین، کەسوکاری شەھید، زیندانیانی سیاسی و یەکێتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.
وتیشی، “بە ڕوئیایەکی نوێوە حزب دەکەینە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵک”.