خوان لاپۆرتا، سەرۆكی بەرشلۆنە، پلانەكانی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی چاڤی-ی ڕاهێنەر دەستپێكردووە و چاویشی بە بەڕێوەبەری كاری چەند یاریزانێك كەوتووە.
چاڤی داوای لە لاپۆرتا كردووە، دوو هێرشبەر و دوو یاریزانی باڵ بۆ یانەكە بكڕێت و سەرۆكی بەرشلۆنەش لە ئێستاوە پلانەكانی دەستپێكردووە.
فابریزۆ ڕۆمانۆ، شارەزا لە گواستنەوەی یاریزانان دەڵێت، لاپۆرتا چاوی بە مینۆ ڕایۆلا كەوتووە، كە بەڕێوەبەری كارەكانی هەردوو یاریزان هالاند و پۆگبا-یە.
جگە لەوەش گفتوگۆكانی لەگەڵ ئیدارەی مانچستەر سیتی دەستپێكردووە بۆ ئەوەی دەستبەرداری فیران تۆرێس ببن.
هەروەها ئامادەكارییەكانیشی بۆ نوێكردنەوەی بۆندی عوسمان دێمبیلی دەستپێكردووە، سەرەڕای قورسیی دۆخەكە و سووربوونی یاریزانە فەرەنسییەكە بۆ جێهێشتنی بەرشلۆنە.
بەرشلۆنە لەخولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كرایە دەرەوە و لە پاشكۆی پاڵاوتنەكانی یورۆپا لیگیش ڕووبەڕووی ناپۆلی-ی ئیتاڵی دەبێتەوە، كە ڕكابەرێكی سەرسەختە، لە خولی ئیسپانیش لە دۆخێكی خراپدایە.