پسپۆڕێكی ڕوس كە لە ناوەندێكی زانستیدا كاردەكات، پێیوایە ئۆمیكرۆن دەبێتەهۆی كۆتاییهاتن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ئەناتۆلی ئەلچتین مامۆستا لە ناوەندی گامالیای ڕوسی دەڵێت، بڵاوبوونەوەی گۆڕاوە نوێیەكەی كۆرۆنا بەناوی ئۆمیكرۆن، ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتەهۆكاری كۆتاییهاتن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
بەپێی لێكدانەوەی ئەو پسپۆڕە، “گۆڕاوی دەلتا كۆتاییپێدێت و گۆڕاوی ئۆمیكرۆن جێگەی دەگرێتەوە، بەڵام ئۆمیكرۆن پەتایەكی مەترسیدار نابێت، چونكە 3%ی تووشبووان بەم گۆڕاوەی كۆرۆنا دەمرن، بۆیە بە پەتایەكی مەترسیدار دانانرێت و ئەوەش وامانلێدەكات بڵێین ڕەنگە لە داهاتوودا ئۆمیكرۆن كۆتایی بە ڤایرۆس و پەتای كۆرۆنا بهێنێت”.
ئەم هەواڵە لەكاتێكدایە، سۆمیا سوامیناسان گەورە زانای ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی داوای نەترسان لە دەركەوتنی ئۆمیكرۆن دەكات و دەڵێت، “پێشبینیكردن لەوەی ئۆمیكرۆن دەبێتە زنجیرەی بەربڵاو و كۆنتڕۆڵكەر لەچێوەی ئەستەمدایە”.
هەروەها مایك ڕایان، بەڕێوەبەری فریاكەوتنی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەك نییە پشتیوانیی هەموار و دەستكاریكردنی ڤاكسینەكانی ئێستا بكات بۆ بەرگریكردن بەرامبەر ئۆمیكرۆن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زووە دڵنیاببینەوە لەوەی ڤاكسینەكانی ئێستا پێویستییان بە دەستكاریكردنە بەرامبەر ئەو جۆرەی كۆرۆنا.