لەماوەی هەفتەیەکدا چەکدارانی داعش لە چەندین سنور، لە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە هێرشیان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە تا ئێستا 22 پێشمەرگە و هاوڵاتی شەهیدبوون.
یەکەم هێرشی چەکدارانی داعش لەم ماوەیەدا لە 28ی مانگی ڕابردوو بوولە تەپکی (کەڵان) لەسنووری کوڵەجۆ، کاتێک ژمارەیەک پێشمەرگە بەدەم پێشمەرگەکانی هاوڕێیانەوە چوون، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا تەقیەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش بریندار بوون، دواتر یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهیدبوو.
ڕۆژێک دواتر لە هێرشێکی دیکەی چەکدارانی داعشدا لەنزیک کفری پێشمەرگەیەک شەهیدبوو و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش برینداربوون، دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە پێشمەرگەیەکی دیکەش شەهیدبوو.
شەوی ڕابردووش لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر گوندێکی بناری چیای قەرەچوغ لە مەخمور سێ هاوڵاتی شەهیدبوون دواتریش لەکاتی چوونی هێزەکانی پێشمەرگە بەدەم هاوڵاتییانەوە، بۆمبی چێندراو بە ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەدا تەقیەوە و پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون.
لەماوەی هەفتەیەکدا داعش بە یەک جۆر تەکنیکی شەڕ نزیکەی 15 پێشمەرگەی شەهید کردووە، ئەویش تەقاندنەوەی بۆمبی چێندراوە بە ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەدا کاتێک بەدەم هاوڕێکانیانەوە دەچن.