پێداچوونەوە بە سەنگەرەکانی پێشمەرگەدا دەکرێت

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێداچوونەوە بە سەنگەرەکانی پێشمەرگەدا دەکرێت و سەنگەرەکان تۆکمەتر دەکرێن.

بڕیارەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، ” لیژنەیەک سەرپەرشتی ڕێکخستنەوە و چاککردنی سەنگەرەکانی بەرگریی لە لیواکانی پێشمەرگە دەکات و لەسەر فەرمانی وەزیری پێشمەرگە، سەرجەم سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەشێوازێکی تۆکمەتر و باشتر دادەڕێژنەوە”.

بەپێی زانیارییەکان لیژنەکە دەیەوێت ڕێوشوێنی باشتر بۆ رێگەگرتن لە هەلقۆستنەوەی چەکدارانی داعش بگیرێتەبەر و هەوڵەکان بەگەڕ بخرێن بۆ پاراستنی سەنگەرەکان.

لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەڕاسیۆنەکان، لەسەر ڕێکارەکانی وەزارەتەکەی ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزیری پێشمەرگە، لیژنەیەک بۆ دووبارە سازدان و ڕێکخستنەوەی سەنگەرەکان پێکهێنرا، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، ئەو لیژنەیە دەست بەکارەکانی دەکات و سەرجەم سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەتەواوی میحوەرەکان بەسەر دەکاتەوە.

بڕیارە لیژنەکە لە ئەمڕۆوە دەست بەکار ببێت و خاڵە نەرێنی و کەم و کوڕییەکانی سەنگەرەکانی پێشمەرگە دیاری دەکات و دواتر چارەسەر دەکرێن.

بابەتی پێشتر

لەماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 20 پێشمەرگە و هاوڵاتی بە دەستی داعش شەهیدبوون

بابەتی دواتر

یەکێتی ئەوروپا پێشنیازی دروستکردنی ناوەندی وەرگرتنی پەنابەرانی بیلاڕوس دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share