بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم مەترسیداریی گۆڕاوە نوێكەی كۆرۆنا دووپاتدەكاتەوە، دەڵێت، هەر گەشتیارێك لەو وڵاتانەوە بگەڕێتەوە كە گۆڕاوی ئۆمیكرۆن-ی تێدا بڵاوبووەتەوە، كەرەنتین دەكرێت.
د.ڕەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لەبارەی سەرهەڵدانی جۆری نوێی كۆرۆنا “ئۆمیكرۆن”، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عیراق، بە هاوكاریی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بەشێوەی یەك تیم كاردەكەین و هۆشداریش دەدرێت لە جۆرە نوێیەكە و ئەگەری هەیە وەك جۆرەكانی تری كۆرۆنا لە داهاتوودا تۆماربكرێت و بێتە ناومانەوە، بەڵام تائێستا لە عێراق و هەرێم هیچ حاڵەتێكی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا تۆمارنەكراوە”.
بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم هۆشداریش دەدات، “هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە بابەتی كەرەنتینكردن هەبووە، بۆیە ئێستاش بۆ جۆرە نوێیەكە بەهەمان شێواز و میكانیزمی پێشوو دەبێت و هەر گەشتیارێك لەو وڵاتانەی كە جۆرە نوێیەكەی تێدا تۆماركراوە بگەڕێتەوە، كەرەنتین دەكرێت”.
د.ڕەهێڵ فەرەیدون لەبارەی مەترسیی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا، ڕایگەیاند، “هەرجارێك ڤایرۆسەكە خۆی گۆڕیبێت، خێراتر بڵاوبووەتەوە و نیشانەی نوێی هێناوە، بۆیە ئەم جۆرە نوێیەش بێگومان خێراتر دەبێت و نیشانە و مەترسیی زیاتری دەبێت و لەناو هاوڵاتیاندا خێراتر بڵاودەبێتەوە، چونكە مەترسییەكە لەوەدایە هێشتا ئێمە شەپۆلی سێیەمان تێنەپەڕاندووە و ئەمە ببێتە شەپۆلی چوارەم، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەكان، تاكە چارەسەر وەرگرتنی ڤاكسینە”.