وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تائێستا نزیكەی 700 كۆچبەر لە بیلاڕوسیاوە ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆماركردووە و دەشڵێت، زیاتر لە 10 قاچاخچی دەستگیركراون و لیكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، دەربارەی پرسی كۆچبەران، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ڕاپۆرتێكی تێروتەسەلی لە چوارچێوەی هەنگاوەكان و ئەو هەماهەنگیەی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق و دۆستەكانی لەئارادایە و بەردەوامە، بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو كەسانەی لە سنوور گیریانخواردووە، پێشكەشكرد.
وتیشی، لەو چوارچێوەیدا زیاتر لە 10 قاچاخچی دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
جوتیار عادل لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكراشیكرد، “نزیكەی 700 كەس ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ گەڕانەوە و تائێستا ناونووسین بۆ گەڕاندنەوەی كۆچبەران بەردەوامە و وەكو حكومەتی هەرێم لە هاوكاری درێغی ناكەین”.
لەلایەكی ترەوە سەبارەت بە داواكاریی خوێندكاران بۆ گەڕانەوەی دەرماڵە، وتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوەكرد، حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە پشتیوانی دارایی تەرخانبكات بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا.
بڕی پارەكە دەستنیشان نەكراوە و وەك جوتیار عادل وتی، پارەكە لە بەرژەوەندیی خوێندكاران تەرخاندەكرێت، بەشێكی پەیوەستە بە بەشە ناوخۆییەكان، بەشێكی پەیوەستە بە باشكردنی بارودۆخی دارایی خوێندكاران.