بەریتانیا لەبارەی ڕفاندنی فڕۆكەیەك لەلایەن ڕژێمەكەی سەدامەوە داوای لێبوردن دەكات

بەرەبەیانی ڕۆژی دووی ئابی ساڵی 1990 سوپای عێراق كوەیتی داگیركرد، هەمان ڕۆژ فڕۆكەیەكی بەریتانی بە 367 سەرنشینەوە گەیشتە فڕۆكەخانەی كوەیت.

بە گەیشتنیان بە فڕۆكەخانەكە، تیمی فڕۆكەوانی و سەرنشینانی فڕۆكەكە لەلایەن سوپای عێراقەوە بەدیلگیران و دوای چەند ڕۆژێك گواسترانەوە بۆ بەغداد و ماوەیەكی زۆر وەك قەڵغانی مرۆیی بەكارهێنران، سەرباری ئەوەی ژیانیان لەمەترسیدا بوو، ڕووبەڕووی ئازار و سووكایەتیپێكردنی زۆر بووبوونەوە.

دوای 30 ساڵ لەو ڕووداوە، حكومەتی بەریتانیا دانی بەوەدا نا كە شەوی هێرشەكە، باڵیۆزی بەریتانیا لە كوەیت حكومەتی وڵاتەكەی لە داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە ئاگاداركردووەتەوە، بەڵام حكومەتی بەریتانیا و دەسەڵاتی فڕۆكەوانی، تیمی فڕۆكەكەیان لەو ڕووداوە ئاگادارنەكردووەتەوە كە دەكرا بەوە فڕۆكەكە ئاراستەكەی بگۆڕێت و تیم و سەرنشینەكانی تووشی ئەو چارەنووسە نەدەبوون.

لیز تروس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا داوای لێبوردنی كرد لەپای ئەو ڕووداوە و دەڵێت، بەدرێژایی ئەو 30 ساڵە، هەرگیز بانگەوازەكەی باڵیۆزی بەریتانیا كە وتبووی كوەیت داگیركراوە ئاشكرانەكراوە، دۆسیەكە نە لەبەردەم پەرلەمان و نە لەبەردەم ڕای گشتیدا ئاشكرانەكراوە و ئەوەی ڕوویداوە “كەمتەرخەمییەكی قبوڵنەكراو بووە”.

پێشتر پەرتووكێك بەناوی “ئۆپەراسیۆنی ئەسپەكەی تڕوادە” لە بەریتانیا بڵاوكراوەتەوە باس لەوە دەكات كە حكومەتی بەریتانیا گەشتی فڕۆكەكەی بۆ دوو كاتژمێر دواخستبوو، نۆ بەرپرسی هەواڵگریی بەریتانیای بەهەمان فڕۆكە ناردبوو بۆ كوەیت، بەڵام وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، “ئەوە ڕاستنییە”.

گەیشتنی فڕۆكەكە بە كوەیت، تەنها دوای چەند كاتژمێرێك لە داگیركردنی ئەو وڵاتە لەلایەن سوپای عێراقەوە بووە، فڕۆكەكە لە لەندەنەوە بەرەو كوالالامپور فڕیبوو، بەڵام لە كوەیت ترانزێتی هەبوو. دوای چەند ڕۆژێك لە دەستبەسەركردنی سەرنشینەكانی لە هۆتێلێكی كوەیتی پایتەختدا كە لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای عێراقەوە سەرپەرشتیدەكرا، سەرجەم سەرنشینەكان گواسترانەوە بۆ عێراق.

دەسەڵاتدارانی عێراق، سەرنشینەكانیان بۆ ماوەی چوار مانگ دەستبەسەركردبوو، وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاردەهێنران و بەسەر ئەو دامەزراوە و بارەگایانەدا دابەشیانكردبوون كە ئەگەری بۆردومانكردنیان لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە هەبوو.

میدیای بەریتانیا دەڵێت، ماوەی 30 ساڵە ئەو سەرنشینانە بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەگەڕێن كە داخۆ حكومەتی بەریتانیا بۆ لە داگیركردنی كوەیت ئاگاداری نەكردبوونەوە و بۆچی گەمە بە ژیان و چارەنووسیانەوە كراوە؟.

بابەتی پێشتر

زانكۆی گەرمیانیش دەوامی ڕاگرت

بابەتی دواتر

جوتیار عادل: 700 كۆچبەر لە بیلاڕوسیا ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆماركردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share