وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد، لە کۆتایی ساڵی 2022ـدا پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووانی عێراق ئەنجامدەدرێت، کە بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و دەكرێت تا 10 ساڵ پشتی پێببەسترێت.
لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عێراقییەکان، زیا عەواد کازم، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، سەرژمێریی دانیشتووان، کە بڕیارە بەر لە کۆتایی ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت، بەشێوەیەکی پێشکەوتوو دەبێت و زانیاری و ئاماری وردی تێدادەبێت.
دەشڵێت، ئەگەر ئەو سەرژمێرییە ئەنجامبدرێت بەو ڕێگەیەی دیاریکراوە، دەتوانرێت بۆ ماوەی 10 ساڵ پشت بە ئامار و داتاکانی ببەسترێت بەپێی ڕێنماییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
وتەبێژەكەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرژمێرییەکە بەشێوەیەکی جۆری و تایبەت بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی لەدوای ساڵی 1997ـەوە سەرژمێری نەکراوە.
لەدوای ساڵی 1997ـەوە ئەوە یەکەم سەرژمێریی دانیشتووانە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە ئەنجامدەدرێت.